شارپرێس:
کایەی سیاسییو ئەمنیی عێراق شایەتی ململانێیەکی توندو نهێنییە لەسەر
دوبارە دابەشکردنەوەی پێگە جێگیرەکانی ناو جومگەکانی دەوڵەت، بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی
ڕۆژنامەی مەدا، لەکاتێکدا هێزە چەکدارەکان لەژێر سێبەری ڕێککەوتنێکی ناڕوندا لەبەدەستهێنانی
لوتکەی پۆستە ئەمنیو کارگێڕییەکان نزیکدەبنەوە، عەلی زەیدی سەرۆکی حکومەتیش لەیەکەم
تاقیکردنەوەی ڕوبەڕوبونەوەی ئەو هێزانە لەباشوری وڵات پاشەکشە دەکات.
هەوڵەکەی عەلی زەیدیی بۆ سەپاندنی یاسا لەپارێزگای میسان زۆری نەخایاندو
فەشەلیهێنا، پاشئەوەی فەرمانی لێکۆڵینەوەو دەستگیرکردنی بۆ (مستەفا ئەدعێر) سەرۆکی
ئەنجومەنی پارێزگا (سەر بەبزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق) دەرکرد بەهۆی هەڕەشەی یاخیبونی
لەحکومەتو لێدوانی نەشیاو لەسەر داخستنی دەروازەی سنوریی (شەیب)، کێشمەکێشەکە بەهۆی
دەستوەردانی توندی سیاسییهوه پاشەکشەی بەخۆوە بینیو ناوبراو ئازادکرا.
سەرچاوە سیاسییە شیعەکان بهڕۆژنامەكهیان ڕاگهیاندوه، دەستوەردانی
ڕاستەوخۆی نوسینگەی قەیس خەزعەلی فەرمانی دەستگیرکردنەکەی هەڵوەشاندەوە کە ئەمەش نیشانەیە
بۆ ئەوەی فەرمانەکانی سەرۆک وەزیران، هەمیشە بهگوێرهى ویستی خۆی کۆتاییان نایەت.
هاوکات لایەنە شیعەکانی وەک ڕێکخراوی بەدر، بەرگرییان لەئهدعێر کردو
داوایانکرد، دەروازەی شەیب بکرێتەوە کە لێکدانەوەی تەمومژاوی لەسەرەو باس لەوەدەکرێت،
بۆ ڕێگریی لەقاچاخچێتیی چەکو دەرمان یان بەهۆی داواکاریی ئەمریکاوە داخرابێت.
ڕۆژنامەی مەدا ئاماژە بەوەدەکات، دوای لادانی حەمید شەتری، لەئێستادا
زەیدیی بەشێوازی کاتیی (بەوەکالەت) خۆى دەزگای هەواڵگری بەڕێوەدەبات، بەڵام هێزە چەکدارەکان
چاویان بڕیوەتە ئەو پۆستەو پێگەی سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران کە لەژێر دەستی
حەمید غەزی نزیک لەڕەوتی نیشتمانى شیعه (موقتهدا سەدر)دایە، لەلایەکی دیكهوه،
زەیدیی پۆستەکانی دیكهى گۆڕیوەو ڕەشاد خەڵەف هاشمی (کە پێشتر ئەندامی لیژنەی بلۆککردنی
دارایی گروپه توندڕهوهكان بوە) لەو پێگەیەدا داناوە، ئەم لیژنەیەش ساڵی ڕابردوو
کێشەیەکی گەورەی نایەوە پاشئەوەی دەرکەوت، سامانی حزبوڵڵاو حوسییەکانی بلۆککردوە،
پێشئەوەی حکومەت لەو بڕیارە پاشەکشە بکات.
سەرکردەیەکی چوارچێوەی ههماههنگى شیعهكان بۆ ڕۆژنامەکە قسهیكردوهو
وتویهتى، "زەیدیی دەیەوێت تیمێکی تایبەت بەخۆییو بەشێوازی تاکڕەوانە بونیادبنێت،
وەک زیندوکردنەوەی نوسینگەی فەرماندەی گشتیی کە پێشتر حەیدەر عەبادی هەڵیوەشاندبوەوە،
بەڵام نەیتوانیوە ڕێگریی لەسەپاندنی چوار جێگر بۆ خۆی بکات".
هاوكات فەرهاد ئەتروشی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش هۆشداریداوە،
مەلەفی چەک هێشتا تەمومژاوییەو ئەگەر ئەم هێزانە بچنە ناو شەڕی ئێرانەوە، عێراق ڕوبەڕوی
لێدانی کوشندەو زهبرى زۆر بههێز دەبێتەوە.
یەکێک لەگەورەترین خاڵەکانی ململانێی نێوان عەلی زەیدییو پێشینەکەی
محەممەد شیاع سودانی، مەلەفی داراییو خەرجیی ڕاوێژکارەکانە، نەیارەکانی سودانی
ستایشی بڕیارەکەی زەیدیی دەکەن بۆ دورخستنەوەی 69 ڕاوێژکار لەسەرۆکایەتیی وەزیرانو
پێیانوایە، تێچوی دارایی ئەو ڕاوێژکارانە ساڵانە لەسەروی ملیارێک دینارهوه بوە.
بهگوێرهى زانیارییە تایبهتهكانیش كه دهستكهوتون، موچەی بنەڕەتیی
هەر ڕاوێژکارێک تەنها 800 هەزار دینارە، بەڵام لەڕێگەی بەخشینو بەدەرکردنە تایبەتەکانی
سودانییەوە، موچەی بەشێکی زۆریان گەیشتوەتە ههشت ملیۆن دینار لەمانگێکدا بەبێ ئهو
خهرجیانهى بۆ ئۆتۆمبێلو گەشتەکانیان تهرخانكراوه، لەبەرامبەردا، تیمی سودانیو
بزوتنەوەکەی (هاوپەیمانیی بونیادنانو گەشەپێدان) ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوەو وەک لێدانی
سیاسیی وەسفیدەکەن، بەو هۆیەوە بەشداریی خۆیان لەدانیشتنەکانی پەرلەماندا هەڵپەساردوە
تائەوکاتەی لێپرسینەوە لهوكهسانه دهكرێت كه ڕهخنهیان لێدهگرنو تۆمهتیان
بۆ دروستدهكهن.
