ئاڵا تاڵەبانی بۆ یەکەمجار نیازی زەیديی بۆ کۆنترۆڵکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3480 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

 ئاڵا تاڵەبانی ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ژنان لەچاوپێکەوتنێکدا ئاشکرایکردوە، "بەداخەوە پرۆسەی بەقاچاخبردنی نەوت لەهەرێمی كوردستانەوە بەردەوامە"، ده‌شڵێت، "سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە لەگەڵ توركیا قسەی جدیی كردوە".


ئاڵا تاڵەبانی لەچاوپێكەوتنێكدا باسی لەوەکرد، "هەندێک لایەن لەهەرێمی کوردستان ئەوە ڕەتدەکه‌نه‌وه‌ كە نەوت بەقاچاغ ببرێت، باشە با وای دابنێنین ئەو نەوتە بەقاچاغ نابرێت‌و ئەو قسەیە ڕاستە، ئەی كوا داهاتەكەی؟ ئایا دەچێت بۆ خەڵكی كوردستان؟ خاوەن پێداویستیەكی تایبەت بەسێ‌ مانگ جارێك موچەی پێدەدرێت لەكاتێكدا موچەكەی 150 هەزار دینارە، هەشیانە 80 هەزار وەردەگرێت، ئەم ئازارانە نابێت كۆتایی بێت؟ سەرۆك وەزیرانی عێراق زۆر نیگەرانە لەو بابەتە".

سەبارەت بەپلانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاڵا تاڵەبانی وتی، "پلانی ئەوەیە كۆنتڕۆڵی بەقاچاغبردنی نەوت بكات، دەبێت لەم پرسە هەرێمی كوردستان هاوكاریی بكات‌و ئەو كۆمپانیای بیانیانەی وردبینی لەهەناردەی نەوتی عێراق دەكەن مافی ئەوەیان هەیە بچنە هەرێمی كوردستان وردبینی لەبڕی هەناردەی نەوت بكەن".

جەختی لەوەشکردەوە، "ئەمە بەرنامەكەی سەرۆك وەزیرانە، دەبێت بزانرێت هەرێمی كوردستان چەند بەرهەمدەهێنێت‌و چەند هاوردە دەكات".