شارپرێس:
ماڵپەڕی ئەكسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئەمریكا و ئیسرائیل، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەبارەت بە ئامادەكارییەكان بۆ هێرشی نوێی سەر ئێران بڵاویكردەوە، كە هێرشی چڕ و پڕ دەبێت و یەك هەفتە دەخایەنێت.
بەگوێرەی ماڵپەڕە ئەمریكییەكە، ئۆپەراسیۆنە پێشبینیكراوەكە "سەركردایەتی و فەرماندەیی، ژێرخانی وزە و دامەزراوەكانی ئێران" دەكاتە ئامانج. ئاماژەی بەوە كردووە، ئیال زامیر، سەرۆكی ئەركانی ئیسرائیل لەگەڵ براد كوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (CENTCOM) كە بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئامادەكارییەكانی بۆ هێرشە ئەگەرییەكان بۆ سەر ئێران تاوتوێكردووە.
ماڵپەڕەكە هەروەها بڵاویكردەوە، كە قەتەر كار لەسەر ئەوە دەكات ئێران ڕازی بكات كە ڕێگە بە پشكنەران بدات بچنە ناو شوێنە ئەتۆمییەكان لە بەرامبەر سووككردنی سزاكان.