شارپرێس:
لەکاتێکدا ململانێی نهێنیو توند بۆ جێگرتنەوەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لەپۆستی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان دەستیپێکردوە، ڕاوێژکارێکی د.بەرهەم ساڵح تایبەت بۆ شارپرێس ئاشکرایدەکات، چەندین وڵاتی گەورەو خاوەن بڕیاری جیهانی پێشنیازی جدییان پێشکەش بەکۆمیسیاری باڵای پەنابەران لەنەتەوە یەکگرتوەکان کردوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە باڵا نێودەوڵەتییە، دهشڵێت، "سهربارى ههموو ئهوانه، ئهگهرى ههیه ژنێك ئهو پۆسته باڵایه وهربگرێت".
کایەی نێودەوڵەتیو لوتکەی بڕیاردانی جیهان لەنەتەوەیەکگرتوەکان لە لێواری گۆڕانکارییەکی مێژوییدایە، کاتێک کاتژمێری ژماردنی پێچەوانە بۆ کۆتاییهاتنی خولی دوهمی سەرۆکایەتیی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی ڕێكخراوهكه لە31ى کانونی یەکەمی 2026دا دەستیپێکردوە، تاوەکو ڕێگه بۆ دەستبەکاربونی سکرتێری نوێ لە1ی کانونی دوەمی 2027دا خۆشبکات.
لەکاتێکدا گوشارە جیهانییەکانو عورفە دێرینەکانی ڕێکخراوەکە ئاڕاستەی پۆستەکە دەگۆڕن، ڕاوێژکارێکی تایبەتی د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح کۆمیسیاری باڵای پەنابەران لەنەتەوەیەکگرتوەکان لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ شارپرێس، چەندین زانیاریی گرنگو کتوپڕی لەسەر پشتپەردەی ناوی ئەم سەرکردە كورده لەناو کایەی کاندیدبونی پۆستە باڵا نێودەوڵەتییەکهدا ئاشکراکرد.
ڕاوێژکارەکەی د. بەرهەم بۆ شارپرێس ڕونیكردهوه، لەم خولەدا دوو هۆکاری بنەڕەتی هاوسەنگیی هەڵبژاردنی سکرتێری نوێ کۆنترۆڵدەکەن؛ یەکەمیان، گوشارێکی یەکجار بەهێزی جیهانی هەیە بۆ شکاندنی بەربەستی 81 ساڵەی مێژوی نەتەوەیەکگرتوەکان کە تێیدا هیچ ژنێک نەگەیشتوەتە ئەو پۆستەو داوادەکرێت ئەمجارە بدرێتە ژنێک، هۆکاری دوەمیش، پێوەرە نێودەوڵەتییەکەی (سوڕانەوەی ناوچەیی)یە کە بهگوێرهى عورفێکی نەنوسراوی دادپەروەریی، ئەمجارە نۆرەی ناوچەی ئەمریکای لاتینو دەریای کاریبییە کە سکرتێری گشتیی لەو جوگرافیایە بێت.
سەرەڕای بونی مەرجە ناوچەیی و ڕەگەزییەکان، پێگەی دیپلۆماسیو نێودەوڵەتیی کۆمیسیاری باڵای پەنابەران لەنەتەوەیەکگرتوەکان وایکردوە ناوی لەناو کۆڕبەندە جیهانییەکاندا بێتە بەرباس، ڕاوێژکارەکەی د. بەرهەم ئهوهشى بهشارپرێس وت، "پێشنیازی جدیو فەرمی لەلایەن چەندین وڵاتی گەورەو خاوەن بڕیاری جیهانییەوە هەیە بۆ ئەوەی د. بەرهەم ساڵح کاندیدی ئەم پۆستە باڵا نێودەوڵەتییە بێت".
ئهوهشى وت، "بەڵام سەرەڕای ئەم داواکارییە قورسانە، سەرجەم ئەو دەنگۆو هەواڵانەی باس لەخۆکاندیدكردن یان هەوڵدانی خودی د. بەرهەم ساڵح بۆ وهرگرتنى ئەو پێگەیە دەکەن، تەواو ناڕاستنو ناوبراو خۆی پڕۆسەیەکی لەو شێوەیەی دەستپێنەکردوهتەوە، بهڵام بهڵێ داواكارییهكى زۆر ههیه لێى لهوبارهیهوه كه ئهو پۆسته وهربگرێت".
