داعش هەڵیکوتایەسەر گوندێکی کەرکوک‌و هاوڵاتییەکی ڕفاند

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2274 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەکی ناوخۆیی لەپارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، چەند ئەندامێکی گروپى تیرۆریستى داعش هەڵیانکوتاوەتەسەر گوندی سەیحەی سەربەقەزای حەویجە، لەباشورى ڕۆژئاوای پارێزگای کەرکوک‌و هاوڵاتیەکیان ڕفاندوە.


سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو چه‌كدارتنه‌ى داعش کەشوهەوای نالەبارو گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای شەوی ڕابردویان قۆستوه‌تەوە بۆ ئەنجامدانی كرده‌وه‌كه‌یان.

سەرچاوەکە ئه‌وه‌شى ڕونكردوه‌ته‌وه‌، ڕفاندنەکە درەنگانی شەوی چوارشەممە ڕویداوە، بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، چه‌كداره‌كانى داعش کەمبونەوەی ئاستی بینین‌و بارودۆخی کەشوهەوایان قۆستوه‌تەوە بۆ چونە ناو گوندەکەو ئەنجامدانی ڕفاندنەکە.

ئەوەش هاتوە، "هێشتا وردەکاریی‌و لایەنەکانی ڕوداوەکە بەتەواوی ڕون نەکراونەتەوە، لەکاتێکدا هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لەڕێکارە مەیدانییەکان بۆ بەدواداچون‌و زانینی چارەنوسی هاوڵاتییە ڕفێندراوەکە، هەروەها، هێزە ئەمنییەکان بەدوای ڕێڕەوی هەڵاتنی ڕفێنەراندا دەگەڕێن‌و ڕێکارە پێویستەکان بۆ دەستگیرکردنیان دەگرنەبەر".

گوندی سەیحە سەر بەقەزای حەویجەیە کە به‌نزیکەی 60 کیلۆمەتر ده‌كه‌وێته‌ باشورى ڕۆژئاوای شاری کەرکوکه‌وه‌.

بەپەلە