شارپرێس:
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ئێوارەی پێنجشەممە ڕونیكردەوە كە شەڕی ئەمریكا دژی گەلی ئێران نییە بەڵكو دژی ڕژێمە و جەختی لەوە كردەوە كە گوشارەكان تا خۆبەدەستەوەدانی ئێران بەردەوام دەبێت.
ئێرین براون جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا بۆ كاروباری نێودەوڵەتی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "گەمارۆكان كاریگەرن و ئێران لە ڕووی ئابورییەوە گۆشەگیرە"، ڕونیكردەوە كە "ئامانجمان دابڕانی ئێرانە لە سیستەمی دارایی جیهانی، هەروەها سەركەوتوو بووین لە ڕێگریكردن لە تاران لە دەربازبوون لە سزاكان".
براون دەڵێت: "گەمارۆكانی سەر ئێران كاریگەریان سەلماندووە"، ئاماژەی بەوەدا كە "ئێران هەوڵی گواستنەوەی سەروەت و سامان دەدات لە دەرەوەی بازنەی سزاكان" و جەختی لەوە كردەوە كە "ئێران هیچ بژاردەیەكی نییە جگە لە وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەكانی".
ئەوە لەكاتێكدایە سكۆت بیسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندبوو كە دابڕانی ئابوری ئێران سەركەوتن بەدەست دەهێنێت و ڕونیشیكردەوە كە "ئێران ناتوانێت دۆلار بەدەستبهێنێت و بودجە بۆ بریكارەكانی كەم دەبێتەوە".
وەزیری گەنجینەی ئەمریكا پشتڕاستی كردەوە: "هیچ بارێكی نەوتی ئێران لە دەریادا نییە، ڕەنگە بۆ یەكەمجار بێت لەو كاتەوەی ئێران دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت كردووە".
