تۆڕی نهێنی دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانی ئێران

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 110 جار خوێندراوه‌ته‌وه

پێشەکی
توانای سەربازی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنها بە ژمارەی مووشەک و درۆنەکانی ناو چەکخانەکانی ئەو وڵاتەوە هەڵناسەنگێندرێت.  یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی پاراستنی ئەم توانایە، بەردەوامبوونی دەستڕاگەیشتنە بە کەرەستەى خاو، پارچە، کەرەستەی پێشکەوتوو، سەرچاوەی دارایی و تۆڕەکانی گواستنەوە و دابینکردنی دەرەکییە.
لە کاتێکدا سزا ئابوورییەکانی ڕۆژئاوا و فشارە سەربازییەکانی ئەمریکا هەوڵیان داوە توانای بەرهەمهێنان و نۆژەنکردنەوەی چەکەکانی ئێران سنووردار بکەن، گرنگیی تۆڕە نهێنییەکانی دابینکردن و گواستنەوەی پارە زیاتر بووە.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە یۆرۆنیوزی فارسی لە ٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەی تایبەتی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، تۆڕێکى زیاتر لە پێنج هەزار دامەزراوەی پەیوەست بە وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکانی ئێران ناسێنراون؛ تۆڕێک کە بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە دابینکردنی کاڵا و کەرەستەی پێویست بۆ پیشەسازیی سەربازیی ئێراندا ڕۆڵی هەبووە.
ئەم لێکۆڵینەوەیە هەروەها ئاماژە بە بەکارهێنانی کۆمپانیای ناوەندگیر، کۆمپانیای شاراوە، شێوازە نائاساییەکانی مامەڵەی دارایی و ڕێگەی جیاوازی گواستنەوە دەکات، بۆ ئەوەی هاوردەکردن لەگەڵ بەردەوامبوونی سزا ئابوورییەکاندا بەرەوپێش بچێت.
گرنگیی ئەم زانیارییە لەوەدایە کە بابەتی دابینکردنی چەک بۆ ئێران لە ئاستی چەند کۆمپانیا و بارێکی بازرگانیی دیاریکراو تێدەپەڕێت و دەیخاتە چوارچێوەی تۆڕێکی فراوانی ئابووری، دارایی و لۆجستیەوە.
١. پێکهاتەی تۆڕەکە؛ پێنج هەزار ناو و پەیوەندییە هاوبەشەکان
بەپێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە، ناوی زیاتر لە پێنج هەزار دامەزراوە بە پیتە ئینگلیزییەکانی    MOD   دەست پێدەکات کە دواتر ژمارەیەکی تایبەت بۆ هەر دامەزراوەیەک دانراوە. هەروەها، لەو بەڵگەنامانەی کە پشکنینیان بۆ کراوە، ناونیشانێکی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان لە تاران بۆ ئەم دامەزراوانە تۆمار کراوە.
خاڵێکی تری سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە بەرواری تۆمارکردنی فەرمیی کۆمپانیاکان ١١ی شوباتی ١٩٧٩، هاوتای ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ و ڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران، دانراوە. بەڵام، بەپێی ڕاپۆرتەکە، زۆربەی ئەم دامەزراوانە لە ساڵی ٢٠١٣دا دامەزراون؛ ئەو کاتەی کە توندبوونەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان هەناردەی نەوتی ئێرانی کەم کردەوە و دراوی نیشتمانیی ئەو وڵاتەی خستە ژێر فشارێکی زۆرەوە.
ڕۆیتەرز، بەپێی دەقی یۆرۆنیوز، بۆ ناسینەوەی ئەم تۆڕە سوودى لە بەڵگەنامە بانکی و حکومییەکان، زانیاریی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و داتاکانی گومرگ و گواستنەوە کەڵکی وەرگرتووە و لەو پڕۆسەیەدا لەگەڵ کۆمپانیای ڕاوێژکاری مەترسی ٢٤٠ ئەنانالیتیکس هاوکاریی کردووە. هەندێک لەم دامەزراوانەش، بەپێی ڕاپۆرتەکە، پەیوەندییان بە سوپای پاسداران و کۆمەڵە ئابوورییە گەورەکانەوە هەیە.
٢. قەبارەی داراییی هاوردەکردن؛ لە تۆڕێکی فراوانەوە تا دامەزراوەیەکی سەرەکی
یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی لێکۆڵینەوەکە پەیوەندی بە دامەزراوەیەکەوە هەیە کە ژمارەی MOD 346428ی پێدراوە. بەپێی داتاکانی هاوردەکردن کە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوون، ئەم دامەزراوەیە بە تەنها لە نێوان کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا حوزەیرانی ٢٠٢٦دا نزیکەی ٢.٣ ملیار دۆلار کاڵا و کەرەستەی پەیوەست بە پیشەسازیی سەربازیی هاوردەی ئێران کردووە. لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەم تۆڕە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ەوە تا کاتی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکە، بۆ هاوردەکردنی لانیکەم دوو ملیار دۆلار کاڵا و کەرەستە بەکارهاتووە.
٣. چ جۆرە کەرەستەیەک هاوردە دەکرێت؟
بەپێی ڕاپۆرتەکە، بارە هاوردەکراوەکان چەند جۆرێکی سەرەکییان لەخۆ گرتووە:
‌أ.ماددەی خاو کە لە بەرهەمهێنانی سووتەمەنی مووشەکدا بەکاردێت.
‌ب.ماددەی تەقینەوە و ماددە کیمیاییە پەیوەستەکان بە پیشەسازیی چەک.
‌ج.پارچەی هەستیار کە لە دروستکردنی مووشەک و درۆندا بەکاردێت.
‌د.ئامێر و کەرەستەی پیشەسازیی پێشکەوتوو کە دەتوانرێت بۆ بەرهەمهێنانی پارچەی مووشەک و درۆن بەکاربهێنرێت.
‌ه.بارهەڵگری قورس و ئۆتۆمبێلی گەورە کە توانای گۆڕینیان هەیە بۆ گواستنەوە یان بەکارهێنان وەک سەکۆى هەڵدانى مووشەک.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەشێکی بەرچاو لەم کەرەستانە لە چین، ڕووسیا و ئەڵمانیاوە دابین کراون و لە ڕێگای وشکانی، دەریا و ئاسمانەوە گەیشتوونەتە ئێران.
٤. چۆن پارەی فرۆشتنی نەوت دەگۆڕدرێت بۆ کەرەستەی سەربازی؟
یەکێک لە بەشە گرنگەکانی ڕاپۆرتەکە پەیوەندی نێوان داهاتی فرۆشتنی نەوت و دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانی ئێرانە. بەپێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە، دامەزراوە پەیوەستەکان بە تۆڕەکە لە ناوەندگیر و کۆمپانیا دەرەکییەکان بۆ پارەدانی تێچووی کڕینی کاڵا کەڵک وەردەگرن. لەم جۆرە سیستەمەدا، ڕەنگە پارەدانەکان بەبێ گواستنەوەی ڕاستەوخۆی پارە لە هەژماری دامەزراوەیەکی ئێرانییەوە بۆ هەژماری فرۆشیارێکی دەرەکی ئەنجام بدرێن.
ڕاپۆرتەکە هەروەها دەڵێت کە لە ٩٧٪ی ئەو بارانەی پشکنینیان بۆ کراوە، مامەڵەکان بەبێ گواستنەوەی دراو لەنێوان وڵاتاندا یەکلاکراونەتەوە.
لە ڕووی شیکارییەوە، ئەگەر داهاتی نەوتی ئێران لە دەرەوەی کەناڵە فەرمییە بانکییەکان بۆ کڕینی پێداویستییەکانی پیشەسازیی بەرگری بەکاربهێنرێت، ڕەنگە کاریگەریی سزا ئابوورییەکان لەسەر توانای کڕینی ئێران کەم ببێتەوە.
لەو حاڵەتەدا، تەنها سزا دانان لەسەر هەژماری بانکی یان کۆمپانیایەکی دیاریکراو بۆ تێکدانی تۆڕەکە بەس نییە؛ بەڵکو ناسینەوەی پەیوەندیی نێوان ناوەندگیرەکان، فرۆشیاران و بەکارهێنەرانی کۆتایی گرنگتر دەبێت.
٥. شوێنپێی سوپای پاسداران لە تۆڕەکەدا
بەشێکی تری لێکۆڵینەوەکەی ڕۆیتەرز پەیوەندی بە هەندێک لە دامەزراوەکانی ئەم تۆڕەوە هەیە کە پەیوەندییان بە سوپای پاسداران و کۆمەڵە ئابوورییەکانی پەیوەست بە دەسەڵات لە ئێرانەوە هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی یۆرۆنیوز، ژمارە تەلەفۆنە تۆمارکراوەکانی ٩١ دامەزراوە لە تۆڕەکەدا لە تۆمارەکانی بانکی سوپایە، کە پەیوەندییان بە کارمەندانی سوپای پاسدارانەوە هەیە، دۆزراونەتەوە.
ڕاپۆرتەکە هەروەها باس لە پەیوەندیی هەندێک دامەزراوە بە فەرماندە سەربازییەکان و کۆمەڵە ئابوورییە گەورەکان دەکات.
لە ڕووی ڕێکخستنی کارەوە، خاڵی گرنگ ئەوەیە کە چالاکییەکانی دابینکردنی پێداویستی سەربازی ڕەنگە لەنێوان چەندین لایەن دابەش کرابن:  دامەزراوەی کڕیار، کۆمپانیای تۆمارکراو، ناوەندگیری دارایی، هاوردەکار، کۆمپانیای گواستنەوە و بەکارهێنەری کۆتایی. ئەم دابەشبوونە دەتوانێت ناسینەوەی تۆڕەکە ئاڵۆزتر بکات، بە تایبەتی کاتێک بەڵگەنامە بازرگانییەکان لە چەند وڵاتێکدا بە شێوەی جیاواز تۆمار دەکرێن.
٦. بۆچی سزا ئابوورییەکان نەیانتوانیوە ئەم تۆڕە بە تەواوی بوەستێنن؟
یەکێک لە دۆزینەوە سەرنجڕاکێشەکانی ڕاپۆرتەکە ئەوەیە کە، بەپێی یۆرۆنیوز، هیچ نیشانەیەک نەدۆزراوەتەوە کە دامەزراوە ژمارەدارەکانی ئەم تۆڕە بە شێوەیەکی تایبەت لەلایەن حکومەتە ڕۆژئاواییەکانەوە خراوبنە ناو لیستی سزا ئابوورییەکان؛ هەرچەندە هەندێکیان پەیوەندییان بە کەس و دامەزراوەی پێشتر سزادراوەوە هەیە.
 سزا دانان بەسەر یەک دامەزراوەدا، بە مانای لەناوچوونی هەموو پەیوەندییە بازرگانی و داراییەکانی نییە. ئەگەر کۆمپانیای ناوەندگیری نوێ دروست بکرێت یان بەرپرسیارێتی کڕین لەنێوان چەند دامەزراوەیەکدا دابەش بکرێت، ناسینەوە و بلۆککردنی هەموو ئەندامانی تۆڕەکە ئاڵۆزتر دەبێت، هەروەها کۆنترۆڵی هەناردەی کاڵای دووبەکارهێنەر پێویستی بە زانیاریی ورد هەیە. هەرچی زنجیرەی دابینکردن درێژتر و ژمارەی ناوەندگیرەکان زیاتر بێت، ئەگەری بۆشایی زانیاری زیاتر دەبێت.
بۆیە بەردەوامبوونی هاوردەکردنی کەرەستە بۆ پیشەسازیی بەرگریی ئێران، بە تەنها بە مانای بێکاریگەریی تەواوی سزا ئابوورییەکان نییە؛ بەڵکو ڕەنگە نیشانەی توانای تۆڕەکانی دابینکردن بێت بۆ گونجاندنی خۆیان لەگەڵ سنووردارکردنەکاندا، هەرچەندە ئەمەش دەتوانێت تێچووی کڕین و گواستنەوە زیاد بکات.
٧. کاریگەریی سەربازی؛ گرنگیی نۆژەنکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان
گرنگیی ستراتیژیی ئەم تۆڕە کاتێک زیاتر دەردەکەوێت کە لەگەڵ توانای بەرهەمهێنان و نۆژەنکردنەوەی چەکەکانی ئێراندا هەڵبسەنگێندرێت.
لە شەڕێکی درێژخایەندا، ژمارەی مووشەک و درۆنەکانی وڵات تەنها یەکێکە لە پێوەرەکانی توانای سەربازی. پێوەرەکانی تر بریتین لە خێرایی جێگرتنەوەی چەکی بەکارهاتوو، توانای چاککردنەوە و پاراستن، دەستڕاگەیشتن بە کەرەستەى خاو و توانای چالاککردنەوەی هێڵەکانی بەرهەمهێنان.
ئەگەر ئەو تۆڕەی لە ڕاپۆرتەکەدا باس کراوە بتوانێت دابینکردنی ماددە و پارچەکان لە کاتی فشارە سەربازییەکانیشدا دابین بکات، ڕەنگە ئێران بتوانێت بەشێک لە توانای چەکداریی خۆی بپارێزێت یان دووبارە دروستبکاتەوە.
کۆتایی
توانای سەربازیی ئێران نابێت تەنها بە ژمارەی مووشەک و درۆنەکان یان بە قەبارەی زیان بە دامەزراوە سەربازییەکان هەڵبسەنگێندرێت . توانای دەستڕاگەیشتن بە پارچە، ماددەی خاو، سەرچاوەی دارایی و ڕێگاکانی دابینکردنی دەرەکییش لە دیاریکردنی توانای سەربازیی درێژخایەندا ڕۆڵ دەگێڕن.
لە هەمان کاتدا، نابێت لە بوونی تۆڕێکی دابینکردنەوە ئەو ئەنجامە وەربگیرێت کە ئێران لە بەرامبەر سزا ئابوورییەکان یان هێرشە سەربازییەکاندا بەرگریی تەواوی هەیە. کاریگەریی ڕاستەقینەی ئەم تۆڕە پەیوەستە بە توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆ، دەستڕاگەیشتنی ڕاستەقینە بە کەرەستەکان، تێچووی تێپەڕاندنی سنووردارکردنەکان و توانای نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە زیانلێکەوتووەکان.
لەو ڕوانگەیەوە، پرسیاری سەرەکی تەنها ئەوە نییە کە چەند دامەزراوە لە تۆڕەکەدا چالاکن؛ بەڵکو ئەوەیە کە پیشەسازیی بەرگریی ئێران تا چەند پشتی پێیان دەبەستێت، ڕێگاکانی دابینکردن تا چەند جێگرەوەیان هەیە و تێکدانی ئەم تۆڕە چ کاریگەرییەک لەسەر خێرایی بەرهەمهێنان و نۆژەنکردنەوەی چەکەکان دەبێت.
وەڵامی ورد بۆ ئەم پرسیارانە دەتوانێت وێنەیەکی واقیعیتر لە توانای بەرگەگرتنی فشارە سەربازییەکانی ئێران و سنوورەکانی سیاسەتی سزا ئابووری و فشارە سەربازییەکان بخاتە ڕوو.