شارپرێس ـ کۆڵن ـ هەوراز ئەحمەد:
ئەڵمانیا خۆی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی شەپۆلێکی گهورهى ناڕەزایەتی ئامادە دەکات، لەکاتێکدا بڕیارە سبەینێ شەممە خۆپێشاندانێکی بەرفراوانو هاوکات لە 32 شاری گەورەی وڵاتەکەدا بەڕێوەبچێت، ئەم پێشهاتە کتوپڕە ترسی توندی لەناو کەرتی بازرگانیدا دروستکردوە؛ بەجۆرێک چەندین دوکانو بازاڕی گەورە لەترسی سەرهەڵدانی پێکدادان، شکاندنی شوشەکانو تاڵانیی، دەستیان بەداپۆشینی پێشەوەی بیناکانیان بەتەختەو ڕێکاری پاراستن کردوە.
ئەم جوڵە جەماوەرییە لەلایەن بزوتنەوەی ناسراوی (Gen Z regelt) ڕێکخراوەو کۆمەڵێک داواکاریی قورسی ئابورییو کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت؛ لەپێشەنگیاندا باشترکردنی سیستمی هاوکاریی کۆمەڵایەتی (سۆشیال)، چاکسازیی لەکەرتی تەندروستی، کەمکردنەوەی خێرای نرخی کاڵاو پێداویستییە ڕۆژانەکان، لەپاڵ دژایەتیکردنی توندی بڕیاری خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ.
ئەم تەقینەوە جەماوەرییەی ئەڵمانیا لەکاتێکدایە، لەماوەی مانگێکدا چەندین وڵاتی دیكهى ئەوروپاو جیهان وەک (فەرەنسا، ئیتاڵیا، بەلژیکا، هیندستانو بەڕازیل) شایەتی ناڕەزایەتیی هاوشێوەبون کە بەشێکیان گرژییو توندوتیژیی قورسیان بەخۆوە بینی، لەبەرئەوە، پۆلیسی ئەمانیا ئامادەکاریی ئەمنیی توندی گرتوەتەبەر بۆ ڕێگریی لەهەر جۆرە بنبەستێکی ئەمنی یان زیانگەیاندن بەمتمانەی ئابورییو سەقامگیریی شارە گەورەکان.
