جەنەڕاڵێکی ئەمریکی زانیاریی نهێنی دەربارەی ئێران و ئۆکرانیا دزەپێکردوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1909 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جەنەڕاڵێکی سێ ئەستێرەیی سوپای ئەمریکا و یەکێک لە بەرپرسانی باڵای پێشوی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، دانی ناوە بەوەی زانیاریی نهێنیی دەربارەی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ئێران و ئۆکرانیا بۆ دوو ڕۆژنامەنوس ئاشکراکردوە.


ماڵپەڕی (ئاکسیۆس)ی ئەمریکی بڵاویکردوەتەوە، لێکۆڵینەوەی ناوخۆیی پێنتاگۆن ئاشکرایکردوە کە بێرت سیلوڤیا ( جەنەڕاڵەکەی سوپای ئەمریکا )، دوای ئەوەی چوار جار لە تاقیکردنەوەی ئاشکراکردنى درۆ /پۆلیگراف سەرکەوتوو نەبوە، لە دانپێدانانێکی ڤیدیۆییدا دانی بەوەدا ناوە کە بەبێ مۆڵەتی فەرمی، زانیارییە نهێنییەکانی خستوەتە بەردەستی میدیاکان، بەهۆیەوە پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە پۆستەکەی لایداوە.

سیلوڤیا پێشتر لە بەشی ستراتیژ، پلان و سیاسەتدانانی ستافی هاوبەشی سوپای ئەمریکا کاری کردوە،  بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئاشکراکردنی زانیارییەکان لانیکەم لە حوزەیرانی 2025ەوە دەستیپێکردوە و زانیارییەکان لەڕێگەى پەیامی کۆدکراوەوە لە ڕێگەی ئەپی سیگناڵ (Signal)ەوە نێردراون، سەربارى ئەوەش دیداری ڕوبەڕوی لەگەڵ ڕۆژنامەنوسێک لەچێشتخانەیەک لە شاری ئارلینگتۆنی ویلایەتی ڤیرجینیا ئەنجامداوە.

ئاکسیۆس هەروەها ئاشکرایکردوە کە سیلوڤیا وردەکارییەکانی پشتیوانیی سەربازیی ئەمریکای بۆ ئۆکرانیای خستوەتە بەردەم ڕۆژنامەنوسان.

هاوکات، شۆن پارنێل، وتەبێژی پێنتاگۆن، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، کە ئەم کەیسە بۆ پشکنین و بەدواداچونی یاسایی، ڕەوانەی وەزارەتی دادی ئەمریکا کراوە.

پارنێل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) نووسیویەتی: زانیارییە پۆلێنکراوەکان موڵکی کەسیی هیچ تاکێک نین. ئاشکراکردنیان بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی کەسی، سیاسی یان پیشەیی، خیانەتە بەو متمانەیەی کە بە بەرپرسانی پاراستنی ئەم زانیارییانە سپێردراوە.

ئاکسیۆس لە ڕاپۆرتە تایبەتەکەیدا هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسانی ئەمریکا گومانیان هەیە سیلوڤیا بە ئەنقەست پەیامەکانی نێوان خۆی و یەکێک لە ڕۆژنامەنووسەکانى لە ئەپی سیگناڵدا سڕیبێتەوە، بەڵام سیلوڤیا وتویەتى کە کاتێک ویستوویەتی پەیامێک بسڕێتەوە، بە هەڵە و بەبێ مەبەست تەواوی گفتوگۆکەی سڕیوەتەوە.