ئه‌گه‌ر ئێران هێرشبكاته‌سه‌ر هێزه‌كانى ئه‌مریكا كام بنكانه‌ ده‌كاته‌ ئامانج؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2325 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەئەگەری زۆرەوه‌ مانۆڕە موشەکییەکانی ئێران کە ماوەیەک لەمەوبەر ئەنجامدران‌و زیاتر لەهەفتەیەک بەردەوامبون، ئامانجیان تاقیکردنەوەی توانای موشەکی نوێ بوو کە مەودایان لەمەودای ستانداردی موشەکە ئێرانییەکان، واتە دوو هه‌زار کیلۆمەتر، زیاترە.


ساڵێک لەمەوبەر، میدیاکانی ئێران هەواڵیان لەبارەی تاقیکردنەوەی موشەکێک بڵاوکردەوە کە مەودای گەیشتنی دەگاتە پێنج هه‌زارو 500 کیلۆمەتر، هەروەها، ناتانیاهۆ ڕایگەیاندبوو، زانیاریی هەواڵگرییان لەبەردەستە کە ئاماژە بەوەدەکات، ئێران خەریکی پەرەپێدانی مەوداى موشەکە کە بتوانن بگەنە خاکی ئەمریکاش.

بەگشتیی، لەبه‌ر ڕۆشنایى ئەو لێدوانانەی ڕێبەری ئێران‌و فەرماندە سەربازییەکانى سەبارەت بەسروشتی‌و سنوری وەڵامدانه‌وه‌ى ئێران له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر هێرشێك کە ئاماژەیان پێكردوه‌، چاودێران ده‌ڵێن، "وەڵامەکە نابێت تەنها لەڕۆژئاوای ئاسیا سنورداربێت، ئەگەری ئەوە هەیە کە مەوداى وەڵامى موشەکى ئێران زیاتر لەدوو هه‌زار کیلۆمەتربێت".

لەو چوارچێوەیەدا، یەکێک لەسیناریۆ ئەگەرییەکان دەکرێت بریتی بێت لەهێرشکردنەسەر چەند بنکەیەکی ئەمریکا لەدەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەگرنگترین ئەو بنکانەی کە هێزی ئەمریکی لەدەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تێدا جێگیرە، ئەمانەن:


1ـ بنکەی NSA Souda Bay دورگەی کریتی یۆنان
ئەم بنکەیە بنکەیەکی پشتگیریی دەریایی ئەمریکایە کە دامەزراوەو خزمەتگوزارییەکانی ئاسمانی‌و دەریایی‌و لۆجستیی لەخۆدەگرێت، به‌گوێره‌ى شوێنی سەرچاوەی هەڵدانى موشەک، نزیکەی لەسنوری مەودای دوو هه‌زار کیلۆمەتردایە.


2ـ بنکەی Deveselu –  ڕۆمانیا 
ئەم شوێنە دامەزراوەیەکی ئەمریکییە بۆ سیستەمی بەرگریی موشەکی Aegis Ashore کە هەندێک لەئەندامانی هێزی دەریایی ئەمریکاش لەوێ ئامادەن، دورییەکەی نزیکەی دوو هه‌زارو 450 کیلۆمەترە.

3ـ بنکەی Camp Lemonnier –  جیبوتی
ئەم بنکەیە یەکێکە لەگرنگترین بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتى ئەفریقیا.


4ـ بنکەی Novo Selo –  بولگاریا 
ئەم شوێنە یەکێکە لەناوچە سەربازییەکانی هاوبەشی ئەمریکاو بولگاریا کە بۆ ڕاهێنان‌و جێگیرکردنی هێزە ئەمریکییەکان بەکاردێت.


5ـ بنکەی Aviano Air Base –  ئیتاڵیا
ئەم بنکەیە یەکێکە لەبنکە سەرەکییەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لەئەوروپاو لەچوارچێوەی مەودای چوار هه‌زار کیلۆمەتردایە.

لەکۆتاییدا، ئەگەری ئامانجگرتنی ئەم بنکانە پەیوەستە بەوەی تا چەند ئەو گریمانانەی سەبارەت بەپەرەپێدانی مەودای موشەکە ئێرانییەکان ڕاستن.

ئێران موشەکی کروز بۆ هێرشکردنەسەر ئامانجەکانی ناو خاکیشی هەیە، لەوانە موشەکی سومار (Soumar)  کە مەودای گەیشتنی بەگوێره‌ى هەندێک ڕاپۆرت دەگاتە سێ هه‌زار کیلۆمەتر.