بۆچی گروپە چەکدارەکان دژی هاوکێشە هەرێمییەکەی ئەمریکان‌و زیانەکانی بۆ عێراق چییە؟

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2233 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ململانێی نێوان حکومەتی بەغداو گروپە چەکدارەکان چوە قۆناغێکی مەترسیدارەوە پاشئەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ئاسمانی ناوچەی سەوزیان بەزاند، چاودێرانی سیاسیى ئاشکرایدەکەن، گروپه‌كان بەتوندی دژ بەو هاوکێشە سێگۆشەیەن کە ئەمریکا لەنێوان (دیمەشق، بیروت‌و ڕیاز)دا دایدەڕێژێت، چونکە ئامانج لێی کەمکردنەوەی هەژمونی تارانە لەناوچەکەدا؛ ئەم کێشمەکێشە توندەش مەترسیی قورسی بۆسەر پەکخستنی کەرتی ئابوریی، هه‌ڵاتنى وەبەرهێنەرە بیانییەکان‌و دابەشبونی کارگێڕیی دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق دروستکردوە.


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی مەدا، پاش فڕینی چەند فڕۆکەیەکی بێفۆکەس (درۆن) لەسەر ئاسمانی ناوچەی سەوزو باڵیۆزخانەی ئەمریکا، عەلی زەیدیی سەرۆکی حکومەت فەرمانی خێرای بەهێزە ئەمنییەکان داوە بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدرانی هێرشەکە، بەڵام زانیارییە دزەپێکراوەکان ئاشکرایدەکەن کە زەیدی لەپشت پەردەوە لەناو گێژاوی سازشێکی قورسدایە بۆ ڕادەستکردنی پۆستە باڵاکانی دەوڵەت بەگروپه‌ چەکدارەکان لەبەرامبەر بێدەنگکردنی چەکەکانیان.

زه‌یدیى بۆ نیشاندانی پابه‌ندبونى توندى وڵاته‌كه‌ى به‌رامبه‌ر دۆستایه‌تى ئه‌مریكا، چوار ئەفسەری باڵای وەزارەتی ناوخۆی لەپۆستەکانیان لادا بەهۆی کەمته‌رخی بەرامبەر سوکایەتیکردن بەئاڵای ئەمریکا لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە، بەڵام لەهەمانکاتدا، سەرچاوە سیاسییەکان ئاشکرایانکردوە، زەیدیی خەریکی چۆڵکردنی پۆستە هەستیارەکانی وەک دەزگای هەواڵگریی‌و سکرتاریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ پارتە چەکدارەکان.

زانیارییەکان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، کەتائیبی حزبوڵڵا چاویان بڕیوەتە دەروازە سنورییەکان، پاسەوانی سنور، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی‌و گرتنەدەستی هێڵی وەبەرهێنان لەپێنج پارێزگای گەورەدا (بەغدا، بەسرە، نەجەف، کەربەلاو موسەنا).

فڕینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆسەر ئاسمانی بەغدا کە به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتە فەرمییەکان کەرەستەی تەقینەوەیان پێنەبوە، به‌ڵكو پەیامێکی توندی سیاسیی بوو بۆ واشنتۆن‌و تۆم باراک، باس له‌وه‌ده‌كرێت، درۆنه‌كان كاتێك چونه‌ته‌ سەر ئاسمانی بەغدا هیچ ماده‌یه‌كى ته‌قینه‌وه‌یان پێنه‌بوه‌، بۆیه‌ چاودێرانى سیاسیى پێیانوایه‌، ئه‌وه‌ى ڕویدا پەیامێکی توندی سیاسیی بوو، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ سەیف سەعدی لێکۆڵەری سیاسیی به‌ڕۆژنامەكه‌ى وتوه‌، "ئەمکارە، تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ هێزی دەوڵەت پاش ڕاگەیاندنی ڕۆژی سەروەریی، هاوكات ناڕەزایەتییەک بوو دژ بەبڕیارەکەی زەیدیی بۆ داخستنی دەروازەی شەیب".

ئەم هێرشانە پەیامێکی ڕاستەوخۆ بون بۆ ئەمریکاو نوێنەرەکەی واته‌ تۆم باراک، کە دەیەوێت هاوکێشەیەکی نوێی ناوچەیی لەنێوان (دیمەشق، به‌یروت‌و ڕیاز)دا دابڕێژێت؛ چەکدارەکان دەیانەوێت بڵێن تەنانەت پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش، ئەوان هێشتا بڕیاردەری سەرەکین.

تۆم باراک (نێردراو یان ئەندازیاری سیاسیی ئەمریکا) خەریکی داڕشتنی هاوکێشەیەکی نوێی سیاسیى‌و ئەمنیی بوو لەناوچەکەدا کە تێیدا په‌یوەندیی ستراتیژیی لەنێوان (دیمەشق، به‌یروت‌و ڕیاز) دروستبکات، بەشێک لەگروپە چەکدارەکان بەتوندی دژی ئەم هاوکێشە نوێیەی ئەمریکان‌و دەیانەوێت بڵێن ڕێگه‌ بەجێبەجێکردنی نادەن، دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە30ی ئەیلولی ڕابردودا بەتەواوی لەعێراق کشانەوە، حکومەتی عێراق ڕۆژی سەروەریی ڕاگەیاند، گروپە چەکدارەکان بەناردنی ئەم درۆنانە پەیامێکیان بۆ واشنتۆن نارد کە پێیان بڵێن: تەنانەت پاش کشانەوەی هێزە فەرمییەکانیشتان، ئێمە هێشتا لێرەین، چاودێریی پێگەی باڵیۆزخانەکەتان دەکەین‌و توانای کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی بەغدامان هەیە.

چاودێرانى سیاسیى پێیانوایه‌، دیمەشق (سوریا)و به‌یروت (لوبنان) هەمیشە وەک هێڵی سەرەکیی ستراتیژیی ئێران‌و گروپە هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا سەیر دەکرێن، چونە ناوەوەی ڕیاز (سعودیە) بۆ ناو ئەم هاوکێشەیە بەسەرپەرشتیی ئەمریکا، هەوڵێکە بۆ ڕاکێشانی دیمەشق‌و به‌یروت بەرەو بەرەی عەرەبی-ڕۆژئاوایی کە ئەمەش پاشەکشەیەکی قورسە بۆ هەژمونی تاران لەناوچەکەدا.

ئه‌وه‌ش ده‌وترێت، ئەم گروپانە پێیانوایە، ئاسایشی ئەوان بەستراوەتەوە بەهاوسەنگیی هێز لەسوریاو لوبناندا، دروستبونی سیستمێکی نوێ بەبێ بەشداریی ئەوان یان تاران، وادەکات پێگەی سەربازیی‌و هاوکاریی لۆجیستیی نێوانیان بەتەواوی پەکبکەوێت.

بەشێکی گرنگی پلانی تۆم باراک لەناوچەکەدا، بڕیاردانە لەسەر کۆتاییهێنان بەدیاردەی چەکداریی دەرەوەی دەوڵەت، گروپەکان دەزانن جێگیربونی ئەم هاوکێشەیە، وادەکات حکومەتی عێراق (عەلی زەیدیی) بکەوێتە ژێر گوشاری قورسی نێودەوڵەتی بۆ كۆترۆڵكردنى چەک‌و چۆڵکردنی پێگە ئەمنییەکانیان.

غازی فەیسەڵ، سەرۆکی سەنتەری عێراقی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی هۆشداریدەدات، ناردنی درۆنەکان بۆسەر ئاسمانی ناوچەی سەوز، پەیامێکی یەکجار خراپ بەکۆمپانیاو وەبەرهێنەرە بیانییەکان دەگەیەنێت، عێراق لەم قۆناغەدا پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە30ی ئەیلولدا پێویستیی توندی بەئارامی هەیە بۆ گەشەپێدانی ئابوریی، بەڵام ئەم گرژییانە هۆکارن بۆ ڕاکردنی سەرمایەی بیانی لەوڵاتەکەدا.

لەکاتێکدا بەغدا هەوڵدەدات پێگەی مێژویی خۆی وەک ناوبژیوانێک یان پردێک لەنێوان وڵاتانی عەرەبی‌و ئێراندا بپارێزێت، دژایەتیی توندی گروپەکان بۆ ئەمجۆرە ڕێککەوتنانە وادەکات عێراق وەک (ناوچەیەکی نائارام) پیشانبدرێت کە ناتوانێت کۆنترۆڵی بڕیارە نیشتمانییەکانی خۆی بکات.

ململانێی گروپەکان لەگەڵ ترەمپ‌و تۆم باراک وایکردوە، کایەی ناوخۆیی بەغدا توشی دابەشبونی قورس بێت؛ پۆستە باڵاکانی وەک دەزگای هەواڵگریی‌و سکرتاریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران دەبنە قوربانیی پشکپشکێنەی حزبی لەپێناو کڕینی بێدەنگیی هێزە چەکدارەکان، نەک لەسەر بنەمای لێهاتویی پیشەیی.

عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران دەروازەی سنوریی (شەیب)ی لەگەڵ ئێراندا داخست، دەوترێت ئەم بڕیارەی لەژێر گوشارو داواکاریی ڕاستەوخۆی ئەمریکادا داوە، بۆیە فڕینی درۆنەکان وەک ناڕەزایەتییەکی توند بوه‌ دژ بەو هەنگاوە، بۆ چاوترسێنکردنی حکومەت‌و نیشاندانی ئەوەی کە ئەمریکا ناتوانێت بڕیارەکانی خۆی بەسەر عێراقدا بسەپێنێت.

شارەزایان هۆشداریی توند دەدەن لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی کە تێیدا عەلی زەیدیی بەتەنها مەلەفی هێزە چەکدارەکان بەڕێوەدەبات پاش دورخستنەوەی لیژنەی چوارقۆڵی (نوری مالیکی، هادی عامری، محەممەد شیاع سودانی‌و هەمام حەمودی).

د. غازی فەیسەڵ، سەرۆکی سەنتەری عێراقی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی هۆشداری دا کە گەڕانەوەی درۆنەکان بۆ سەر ئاسمانی ناوچەی سەوز پاش کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لە30ی ئەیلولدا، عێراق دەخاتە ناو گرژییەکی چەکداریی نوێ‌و زیانی گەورە لەئابوریی، پڕۆژە نیشتمانییەکان‌و متمانەی کۆمپانیاو وەبەرهێنەرە بیانییەکان دەدات.