شارپرێس:
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دوای هەوڵە بەردەوامەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ دابینكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی سپی؛ ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ رەزامەندیی بۆ دابینكردنی (50) ملیۆن لیتر نەوتی سپی بو هەریم دەربڕی.
لەڕاگەیەندراوێكدا وەزارەتەكە، دەڵێت "ئەم بڕە نەوتە تەنیا (18%)ی پێداویستیی هەرێمی كوردستان دابین دەكات كە پێویستی بە بڕی (268,710,600) لیترە، ئەگەر بۆ هەر خێزانێك تەنیا (200) لیتر دابین بكریت".
دەشڵێت "هەر لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە نەوتە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت و كانزای شارەكانەوە بە میكانیزمێكی گونجاو و به هەمان نرخی دابینكراو له لایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كه 250 دینارە بۆ هەر لیترێك، دەست بە دابەشكردنی دەكات".
هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هێڵ دەبێت بۆ گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتە و زیادكردنی بڕەكەی كە لەگەڵ پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان بگونجێت.