ئەنجومەنی گەلی شەنگال وەڵامی پارتی دەداتەوە

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 635 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
ئەنجوومەنی گەل لە شەنگالی ئێزدی ڕایگەیاند، "دووپاتی دەكەینەوە كە ئەو هەنگاوەی لەسەر ناوی ئەنتێگراسیۆنی دیموكراتیك نراوە بە ئەرێنی دەبینین و ئەمە بۆ كۆمەڵگەكەمان دەستپێكی مێژوویەكی نوێیە. زیاتر لە هەزار ساڵە بۆ یەكەمین جارە دەوڵەت دان بە ئیرادەی كۆمەڵگەی ئێزدیدا دەنێت و لەگەڵ نوێنەرە ئازادەكانی كۆمەڵگەی ئێزدیدا ڕێككەوتنێكی ئاشكرا ڕادەگەیەنێت".

ئەنجومەنەكە لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێـت "بێگومان ئەم ئەنتێگراسیۆنە دیموكراتیكەی لە شەنگالدا هەیە تەنها یەبەشە و یەژەشە و ئاسایشی ئێزدیخان لەخۆ ناگرێت، بەڵكو هەموو دەزگا و دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی ئێزدی لەخۆ دەگرێت. ئەمە مافێكی ڕەوای گەلەكەمانە؛ ئەم دەستكەوتە بە خوێنی شەهیدانی ٧٤ـەمین جینۆساید بنیاد نراوە. ئەنتێگراسیۆنی هێزە سەربازییەكان لەناو دامەزراوە ئەمنییەكانی عێراقدا، پڕۆژەیەك نییە كە لە دەرەوە سەپێنرابێت، بەڵكو بە ئیرادەی گەلەكەمان دروستبووە و ئەمەش پاراستنی دەستكەوتەكانمان و ئارامی و ئاسایشی كۆمەڵگەكەمان بەردەوام و مسۆگەر دەكات. ئەو كەسانەی ئەمە وەك مەترسی نیشان دەن، ئەو كەسانەن كە دەیانەوێت لەسەر خوێنی كۆمەڵگەكەمان بازرگانی بكەن و جارێكی دیكە شەنگال بێپاراستن بهێڵنەوە".

 دەشڵێت :23 ساڵە شەنگال دەكەوێتە چوارچێوەی ناوچە جێناكۆكەكانەوە و كێشەی كۆمەڵگەكەمان چارەسەر ناكرێت. ئێمە لەم قۆناغەدا چارەسەركردنی كێشە مێژوویی و كۆمەڵایەتییەكان لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا بە ڕێگەیەكی سەرەتایی دەبینین. بە ڕونی ڕای دەگەیەنین كە كێشەی شەنگال كێشەی كۆمەڵگەیەك و باوەڕییەكە، بە هێزێك سنووردار ناكرێت و چارەسەر نابێت. چارەسەركردنی كێشەی شەنگال لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا و لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراقدا پێویستییەك بوو".

لەبەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگەی شەنگال بێ داننان بە ئیرادەی كۆمەڵگەی ئێزدی قبوڵ ناكرێت. هەر ڕێككەوتنێك كە بە بێ داننان بە ئیرادەی كۆمەڵگەی ئێزدی پێشخرا بێت، لەلایەن كۆمەڵگەوە هەرگیز پەسەند نەكراوە و پوچەڵ كراونەتەوە. چارەسەری ڕاست ئەوەیە كە دان بە پێگەی تایبەتی شەنگالدا بنرێت، ئیدارەی خۆجێیی شەنگال پەسەند بكرێت و مافی خۆبەڕێوەبردن و پاراستنمان مسۆگەر بكرێت. ئەمە مافێكی ڕەوا و سروشتیی كۆمەڵگەی ئێزدییە. شەنگال ناوەندی باوەڕی و ئاینی كۆمەڵگەی ئێزدییە. نابێت ئەم ناوەندە لە دەرەوەی ئیرادەی كۆمەڵگەی ئێزدی بەڕێوە ببرێت و بپارێزرێت. چارەسەری بەردەوام لە ئیدارەی خۆجێییدا دەبینین و داواكارییەكەمان ئەوەیە كە ئەم ئیرادەیە دانی پێدا بنرێت. تێكۆشانمان بۆ دانپێدانان بە ئیدارەی خۆجێیی بەردەوام دەبێت".

ئەنجومەنی گەلی شەنگال لەبارەی ڕەخنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت "بانگەوازیمان ئەوەیە كە هەموو لایەن و كەسە پەیوەندیدارەكان لە سەرووی هەمووشیانەوە بەڕێوەبەریی پارتی ڕێز لە ئیرادەی كۆمەڵگەی ئێزدی بگرن و بە ڕێزەوە نزیك ببنەوە. وەك هەموو گەلێك، مافی كۆمەڵگەی ئێزدییە كە بۆ بڕیار لەسەر داهاتووی خۆی بدات و ئارامی و ئاسایش بۆ خۆی دەستەبەر بكات".

ڕونیشیكردەوە "دۆزی ئێزدییەكان دۆزێكی نەتەوەیی و نێونەتەوەییە؛ هیچ هێز و لایەنێك مافی نییە كە ئەم ڕاستییە بە كەم و پێچەوانە نیشان بدات. بەستنەوەی كێشەی شەنگال بە كوردبوون و كوردنەبوونی ئێزدییەكانەوە، پێچەوانەكردنەوەیەكی بەمەبەستە و بۆ ئەوەیە كە پەردە بەسەر ڕاستییەكان بدرێت و ئەم ڕۆژەڤانە دروست بكرێن. بەم ڕۆژەڤانە دەیانەوێت ئێمە لە ڕاستیی بوونی ئیرادەی ئازادی كۆمەڵگەی ئێزدی دوور بخەنەوە. بەو ڕۆژەڤانە كە لە بەرژەوەندیی كۆمەڵگەی ئێزدییدا نیین سەرقاڵمان بكەن و لە داواكارییە سەرەكییەكانمان دوورمان خەنەوە. دووركەوتنەوە لەم ڕۆژەڤانە بەم شێوەیە و نزیكبوونەوە لە دەوری داواكارییەكانی داننان بە ئیرادەی كۆمەڵگەی ئازادی ئێزدی، ئەرك و بەرپرسیارییەتییە سەرەكییەكەمانە".