وەرگێڕان لە
فارسیەوە: حەمەدەمین سلێمان - سەرچاوە: یورونیوز فارسی
دۆناڵد ترەمپ،
سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانەکانیدا ئەگەری دووبارە هێرشی سەربازیی بۆ سەر
ئێران هێناوەتە گۆڕێ و لەهەمان کاتدا گوتوویەتی کە واشنتۆن ڕەنگە لەگەڵ تاراندا
بگاتە ڕێککەوتنێکی گەورە. سەرۆکی ئەمریکا لەبەرامبەر ئێراندا چ بژاردەیەکی
لەبەردەست دایە؟
وتەکانی بەڕێز
تڕامپ لەکاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە هەواڵگەلێک لەسەر بەرنامەڕێژی سەربازیی ئەمریکا
و ئیسڕائیل بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بڵاوکراوەتەوە و بەرپرسانی ئێرانيش
دەربارەی ئامادەیی بۆ گفتوگۆی مەرجدار و وڵامدانەوەی توندتر بۆ ئەگەری هێرشەکان
لێدوان دەدەن .
تڕامپ ڕۆژی
شەممە 24ی ئۆکتۆبەر، دوای بەشداری کردنی لە دەنگدانی پێشوەختەی هەڵبژاردنەکانی
نێوەڕاستی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا لە فلۆریدا، ئەگەری هێرشی بۆ سەر ئێران ڕەت
نەکردەوە. ئەو گوتی ڕنگە واشنتۆن ناچار بێت ئۆپەڕاسیۆنی سەربازیی بۆ سەر ئێران
تەواو بکات، بەڵام لەهەمان کاتدا باسی لە ئەگەری ڕێککەوتن کرد .
لەگەڵ هەبوونی
ئەو هەڕەشانەدا، ڕۆژی پێنج شەممە کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا بەر لە
هەڵبژاردنی ناوەڕاستی دەوری سێی ئەو مانگە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەست پێناکات.
ئەو جیاوازیەی نێوان لێدوانەکانی تڕامپ و هەڵوێستی ڕاگەیەنراوی کۆشکی سپی،
پرسیارگەلێک دەربارەی کاتی دیاریکراوی ئەگەری پڕۆسەی سەربازیی و ڕۆڵی گوشاری
سەربازیی لە گفتوگۆکاندا دروست کردووە .
ئێرانیش
پەیامگەلێکی جیاجیای ناردووە. ڕەزا ئەمیری موقەدەم، باڵوێزی ئێران لە پاکستان،
ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامییش بۆ دەسپێکردنی وتووێژەکان ئامادەیی هەیە و
پێشنیاری کردووە لە حاڵەتی کۆتایی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، گەرووی هورمز
دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاپۆرتەکانی دیکە ئاماژە بە دژایەتی بەشێک لە دەستەڵاتی
ئێران بۆ ڕێککەوتنێکی لەو جۆرە دەکەن .
تا ئێستا هیچ
بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و ڕاشکاو بۆ دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ
ڕانەگەیەنراوە و ڕوون نیە هەڕەشەکانی ئەو دوایەی تڕامپ دەبێتە هۆی هانگاوی
دەستبەجێ یان بەشێکە لە هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر تاران .
ئایا ئەمریکا و
ئیسڕائیل بۆ هێرشێکی نوێ ئامادە دەبن ؟
کەناڵی ئەی بی
سی نیوز ڕۆژی 22 ئۆکتۆبەر لەسەر زاری دوو سەرچاوەی بە ئاگای ئیسڕائیلی ڕایگەیاند
کە سوپاکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل بەرنامەگەلێکیان بۆ دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکان
بۆ سەر ئێران لە حەوتووەکانی داهاتوودا ئامادە کردووە .
بە گوتەی ئەو
سەرچاوەیە، کاتی چاوەڕوان کراوی ئەو ئۆپەراسیۆنە، لەدوای هەڵبژاردنی ناوەڕاستی
خولیی کۆنگرێسی ئەمەریکا دەبێت کە لە 3ی مانگی نۆڤێمبەر بەڕێوە دەچێت. هۆکاری ئەو
هەڵسەنگاندنەش بۆ نیگەرانی تڕامپ لە کاریگەریی توندبوونی شەڕ لەسەر بازاڕی نەوت و
کەشی ئابووریی ئەمریکا لە ڕۆژانی کۆتایی هەڵمەتی هەڵبژاردندا ئاماژەی پێکراوە .
بەڕێز ترامپ
لەهەمان ڕۆژ، لەکاتی گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا، ڕایگەیاند کە دانوستانێک لەگەڵ
ئێراندا لە ئارادا نیە و بە زوویی ڕوداوێک لەو کێشمەکێشەدا ڕوودەدات. ئەو هەروەها
گوتی زۆرێک چاوەڕێ دەکەن کە پێشهاتی داهاتوو دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ڕووبدات .
لە لایەکی
دیکەوە، ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسڕائیل بڵاوی کردبووە کە ئیال زەمیر سەرۆکی ئەرکانی
سوپای ئیسرائیل، پێویستیی ئۆپەراسیۆنێکی بە پەلە نابینێت بۆ هێرش کردنە سەر ئێران
پێش هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی ئیسرائیل لە 27 ئۆکتۆبەردا .
بەو پێیە، لە
کاتێکدا هەڕەشەی هێرشی سەربازیی ڕاستەقینە و زانستییە، بەڵگەی بەردەست هێشتا کات و
چوارچێوەی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی دیاری نەکردووە .
ئەمریکا بە
دووبارە هێرش بۆسەر ئێران بە دوای چ ئامانجێکدا دەگەڕێت ؟
بەدرێژایی
مانگەکانی ڕابردوو، واشنتۆن ژمارەیەک ئامانجی بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازیی و گوشار
بۆسەر ئێران هێناوەتە بەرباس، لە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە تا
کەمکردنەوەی توانا سەربازییەکانی تاران و گەڕاندنەوەی ئازادی کەشتیوانی لە گەرووی
هورمز .
بەڵام مەرج
نییە ئەم ئامانجانە وەک یەک بن و گەیشتن بە هەریەکەیان پێویستی بە ئامرازی جیاواز
هەیە.
لە پرسی
ئەتۆمیدا، هێرشکردنە سەر دامەزراوەکان دەتوانێت زیان بە کەلوپەل، ژێرخان و توانای
بەرهەمهێنان بگەیەنێت، بەڵام بە تەنیا توانای دەرفەتی پشکنین و ڕاستی دەستنیشان
کردنی باری کەرەستە ئەتۆمییەکان یان دەستەبەرکردنی ڕاگرتنی چالاکییە
ڕانەگەیەنراوەکان فەراهەم ناکات .
لە بواری
توانای مووشەکیشدا، لەناوبردنی ئامێرە هەڵگرە موشەکیی و ناوەندە سەربازییەکان،
ڕەنگە توانای ئۆپەراسیۆنی ئێران سنووردار بکات، بەڵام ئاستی سەرکەوتنی
ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە پەیوەستە بە زانیاریی دروست دەربارەی شوێنی ئامێرەکان و
توانای بنیاتنانەوەی ئەوان .
ئامانجی
سێیەم، گوشار خستنە سەر پێکهاتەی بڕیاردانی ئێرانە. تڕامپ لە مانگەکانی ڕابردوو
چەندین جار هەڕەشەی کردووە کە لە حاڵەتی بەردەوامی بەرگریی ئێراندا، هێرش گەلێکی
بەرفراوانتر ئەنجام دەدات .
لەگەڵ ئەوەشدا،
ڕاپۆرتە شیکارییەکانی ڕۆیتەرز لە چەند مانگی ڕابردوودا دەریانخستووە کە هێرشە
سەربازییەکانی پێشوو، سەرەڕای ئەو زیانانەی کە بە ئێرانی گەیاندووە، نەیانتوانیوە
ناکۆکی سەرەکییەکان چارەسەر بکەن یان ڕێکەوتنێکی جێگرتوو بۆ کۆتاییهێنان بە
شەڕەکەی لێبکەوێتەوە .
لە ئەنجامدا،
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کە ئایا ئۆپەراسیۆنە تازەکە دەتوانێت ئەنجامێکی جیاواز
وەدی بێنێت، یان تەنها خولێکی تری هێرش و وەڵامدانەوەی یەکتر دەستپێدەکات .
بۆچی گەرووی
هورمز بووەتە گرنگترین بابەتی وتووێژەکان ؟
هەرچەندە
بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هێشتا یەکێکە لە پرسە سەرەکییەکانی ناکۆکی نێوان تاران
و واشنتۆن، بەڵام گەرووی هورمز لە چەند مانگی ڕابردوودا بووەتە گرنگترین ئامرازی
مشتومڕی نێوان هەردوولا .
ئێران لە ڕێگەی
سنووردارکردنی هاتوچۆی دەریایی لەم ڕێڕەوی ئاوی ستراتیجییە، گوشاری خستۆتە سەر
یەکێک لە ڕێڕەوە سەرەکییەکانی گواستنەوەی نەوت و گاز لە جیهاندا. ئەمریکاش بە
سەپاندنی گەمارۆی دەریایی و گەمارۆ ئابوورییەکان هەوڵ دەدات تێچووی درێژەدان بەم
دۆخە بۆ تاران زیاد بکات .
بەگوێرەی
ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز لە 24ی ئەیلولدا، دانوستانکارانی ئەمریکی و ئێرانی تاوتوێی
پلانێکی قۆناغبەندییان کردبوو کە تیایدا لە هەنگاوی یەکەمدا ئێران گەرووی هورمز
بکاتەوە و ئەمریکا گەمارۆی ئابووری و دەریایی ئێران کەم بکاتەوە یان کۆتایی
پێبهێنێت .
لە قۆناغەکانی
دواتردا ئەگەری چارەسەرکردنی کێشە ئەتۆمییەکان و جیاوازییەکانی دیکە هەبوو .
بەڵام بەربەستی
سەرەکی ئەوەیە کە هیچ لایەنێک نایەوێت پێش بەدەستهێنانی ئیمتیازی تایبەتی خۆی،
گرنگترین ئامرازی گوشاری خۆی وەلابنێت .
واشنتۆن
دەیەوێت ئازادیی کەشتیوانی بگەڕێتەوە، لە کاتێکدا تاران دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی کە
هەڵگرتنی کۆت و بەندەکان تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی نابێت و دوای کردنەوەی گەرووی
هورمز جارێکی دیکە ئەمریکا فشارەکان زیاد ناکات .
هەروەها ئەو
جیاوازییە لە قسەکانی ڕۆژی شەممەی باڵوێزی ئێران لە پاکستان دیار بوو .
ڕەزا ئەمیر
مقدەم گوتی تاران پێشنیاری داوە لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا
گەرووی هورمز بکاتەوە، بەڵام لەگەڵ سوور بوونی تڕامپ لەسەر بەردەوامیی گەمارۆی
بەندەرەکانی ئێران، ئەو پێشنیارە قبوڵ نەکراوە .
گێڕانەوەکە
هەڵوێستی باڵیۆزی ئێرانە و قبوڵکردن یان بە فەرمی ڕەتکردنەوەی وەها پێشنیارێک بەو
وردەکارییەوە لەلایەن واشنتۆنەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە .
ئایا هێشتا
کەناڵەکانی دانوستان لە نێوان تاران و واشنتۆن چالاکن ؟
سەرەڕای
لێدوانەکانی تڕامپ دەربارەی نەبوونی دانوستانی ڕاستەوخۆ، هەواڵەکان دەریدەخەن کە
پەیوەندییە نا ڕاستەوخۆکانی ئەو دوو وڵاتە بە شێوەی تەواوەتی نەپچڕاوە .
ئیسماعیل
بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی 12 ئۆکتۆبەر ڕایگەیاند هێشتا تاران
پێشنیارەکانی ئەمریکا بۆ دانوستان تاوتوێ دەکات و ئاڵوگۆڕی پەیام لەڕێی
نێوانگیرەکاندا بەردەوامیی هەیە .
ئەو پاکستان و
قەتەری وەک دوو وڵاتی سەرەکیی ئاڵوگۆڕی پەیامەکان باس کرد و جەختی کرد پێش
مەرجەکانی ئێران لە هەر جۆرە دانوستانێکدا دەبێت لەبەرچاو بگرێت .
لە مانگی
حوزەیرانیش پاکستان و قەتەر لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کاتیی بۆ کەمکردنەوەی
ڕووبەڕووبوونەوەکان ڕۆڵیان هەبوو، ئەو ڕێککەوتنە بڕیار بوو دەرفەتی کردنەوەی
ڕێڕەوە ئاوییەکان، کەمکردنەوەی گەمارۆ و دەسپێکردنی گفتوگۆ دەربارەی ڕێککەوتنێکی
فراوانتر پێکبهێنێت .
لەگەڵ ئەوەشدا،
ناکۆکی لەسەر ڕێکوپێکی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و نەبوونی متمانە لە نێوان هەردوولا،
ڕێگر بووە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی .
بەو شێوەیە،
دەبێت جیاوازیی بکرێت لە نێوان هەبوونی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان و دەستپێکردنی
دانوستانە فەرمییەکان بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی. بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی پەیامەکان
دەریدەخات ڕێگای دیبلۆماسی دانەخراوە، بەڵام بە مانای نزیک بوونی ڕێکەوتن نایەت .
هەڵسەنگاندنەکانی
تاران؛ بۆ چی کۆماری ئیسلامیی بۆ ڕێککەوتن پەلەی نیە ؟
ڕۆیتەرز ڕۆژی
20 ئۆکتۆبەر لەسەر زاری سێ بەرپرسی باڵای ئێرانی و سەرچاوەیەکی دیکە ڕایگەیاند کە
تاران بە ئەنقەست پڕۆسەی گفتوگۆکان درێژ دەکاتەوە تا لە بەخشینی دەستکەوتێکی
سیاسیی بە تڕامپ پێش هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولیی ئەمریکا ڕێگریی بکات .
یک لەو
بەرپرسانە گوتوویەتی کە ئێران پێش ئەوەی خۆی بۆ ڕێککەوتن ئامادە بکات، لە باری
ئامادەبوون دایە بۆ هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل .
لەسەر بنەمای
ئەو هەواڵە، بەشێک لە لێکدانەوەکانی بەرپرسانی ئێران لەسەر ئەو گریمانەیە
دامەزراوە کە تڕامپ لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسدا کەمتر ئارەزووی بۆ
پەرەسەندنی شەڕ و هەڵکشانی نرخی وزە هەیە .
ئەو
هەڵسەنگاندنە، کە لەسەر قسەکانی چەند سەرچاوەیەکی نەناسراو دامەزراوە، بە هەڵوێستی
فەرمیی ڕاگەیەنراوی تەواوی دەزگا بڕیاردەرەکانی ئێران ئەژمار ناکرێت .
لە لایەکی
دیکەوە، بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی و سنووردارکردنی هەناردەکردن گوشاری ئابووری
بەرچاوی خستۆتە سەر ئێران. بۆیە ئەو چەقبەستووییە درێژخایەنە بۆ تارانیش بێ تێچوون
نییە .
ڕاپۆرتێکی
ڕۆیتەرز لە 1 ئۆکتۆبەر دەریدەخات کە فەرماندەکانی ئێران هاوکات لەگەڵ شوێن کەوتنی
ڕێی دیبلۆماسی، سیناریۆگەلێکی وەڵامدانەوەی فراوانتر بۆ ئەگەری هێرشەکانی ئەمریکا
تاوتوێ دەکەن .
ئەم دۆخە
دەرخەری دوو ڕێگای هاوتەریبە لە سیاسەتی ئێراندا: پاراستنی دەرفەتی ڕێککەوتن بۆ
کەمکردنەوەی گوشاری ئابووریی و ئامادەکاریی بۆ زیادبوونی تێچووی سەربازی هەر
هێرشێکی نوێ .
هەڵبژاردنەکانی
ئەمریکا و ئیسڕائیل چ کارگەریێکی لەسەر بڕیاری ترامپ هەیە ؟
دوو هەڵبژاردنی
داهاتوو بوونەتە یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکان لەسەر دیاری کردنی کاتی
بڕیاردانەکانی تەلئەبیب و واشنتۆن .
هەڵبژاردنەکانی
پەڕلەمانی ئیسرائیل ڕۆژی 27 ئۆکتۆبەر و هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولیی کۆنگرێسی
ئەمەریکا ڕۆژی 3 نۆڤێمبەر بەڕێوە دەچێت .
بۆ تڕامپ،
پەرەسەندنی شەڕ لەگەڵ ئێران دەتوانێت کۆمەڵێک لێکەوتەی ئابوریی خێرای لەگەڵدا بێت،
لەناویاندا هەڵکشانی نرخی نەوت و بەنزین. گۆڕانکارییەکی ئەوا لەسەروبەندی
هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لەڕوانگەی سیاسییەوە هەستیارە .
لە ئیسرائیلیش
بنیامین ناتانیاهۆ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا جەختی لەسەر دەستوەردانە
سەربازییەکان دژی ئێران کردووەتەوە، بەڵام دەسپێکردنی شەڕی نوێ کە سەر دەکێشێت بۆ
هێرشی موشەکیی و تێکچوونی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی ئیسڕائیلیی، دەتوانێت کەشی
ڕکابەریی بگۆڕێت .
لەسەر بنەمای
ڕاپۆرتی ئەی بی سی نیوز، سەرچاوەکانی ئیسرائیلیی چاوەڕوانیان کردووە ئەگەری هێرشە
هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ئەنجام بدرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەڕەشەی نوێی تڕامپ لە ڕۆژی یەک شەممە دەربارەی ئەگەری
دەستبەکاربوون دەریدەخات کە کاتی دیاریکراوی ڕاگەیەنراو دەتوانێت بگۆڕن .
نابێت لەم
ڕاپۆرتانەدا بگەینە ئەو ئەنجامەی کە هەڵبژاردن هۆکاری یەکلاکەرەوەی دواکەوتن یان
خێراکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانە. هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی، ئامادەیی هێزەکان،
کاردانەوەی ئێران و هەلومەرجی ناوچەکەش لەو بڕیارانەدا ڕۆڵیان هەیە .
ئێران لە
حاڵەتی هێرشی نوێدا دەتوانێت چ کاردانەوەیەکی هەبێت ؟
یەکێک لە
مەترسییە سەرەکییەکانی هێرشی دووبارەی ئەمریکا فراوان بوونی پێکدادانەکانە
بەربڵاوتر لە ئامانجە سەرەتاییەکانی ئۆپەراسیۆنەکان .
ئێران لە
پڕۆسەی شەڕی مانگەکانی ڕابوردوودا توانا موشەکیی و درۆنییەکانی خۆی بۆ هێرشکردنە
سەر ئامانجەکانی ناوچەکە بەکارهێناوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە هۆشدارییان داوە کە
هێرشە نوێیەکان بە کاردانەوەی فراوانتر وڵام دەدەنەوە .
ڕۆیتەرز لە 1
ئۆکتۆبەر لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند کە فەرماندەکانی ئێران لە
حاڵەتی هەڵسەنگاندنی ئامانجەکان، پانتایی جوگرافیی و کاتی وڵامدانەوەی ئەگەریی بۆ
ئۆپۆزسیۆنە سەربازییە نوێیەکەی ئەمریکا دان .
ئەو هەواڵە
دەریدەخات تاران لە هەڵسەنگاندنەکانی خۆیدا تەنها بیر لە کاردانەوەیێکی سنوردار و
ڕەمزیی ناکاتەوە، هەرچەند وردەکاریی پلانە ئەگەرییەکان بە شێوەیێکی سەربەخۆ شایەنی
پشتڕاستکردنەوە نین .
یەک لە
گرنگترین نیگەرانییەکان ئاسایشی کەشتیوانییە لە کەنداوی فارس و تەنگەی هورمز.
فراوانبوونی پێکدادانەکان لەو ناوچەیە دەتوانێت هەناردەی وزەی وڵاتانی ناوچەکە و
ڕێڕەوە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان بخاتە ژێر کاریگەرییەوە .
ئەگەری
هێرشەکان بۆ سەر سەربازگەکانی ئەمریکیی، ژێرخانە سەربازییەکان یان دامەزراوەکانی
وزەش دەتوانێت مەودای شەڕەکە فراوان بکات .
لەبەر ئەوە،
تەنانەت ئۆپەراسیۆنێک کە واشنتۆن بە سنوورداریش باسی بکات، مەرج نیە بە
کاردانەوەیێکی سنوردار لە لایەن ئێرانەوە ڕووبەڕوو نەبێتەوە .
سێ سیناریۆی
بەردەم تڕامپ
یەکەم سیناریۆ،
دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییە، ئەمریکا دەتوانێت هێرشە نوێکانی بە ئامانجی
زیادکردنی گوشار لەسەر توانای سەربازیی و ناوەکیی ئێران دەست پێ بکات. گرنگترین
مەترسی ئەو بژاردەیە، کاردانەوەی بەرامبەر(ئێران) و فراوانبوونی دووبارەی شەڕە لە
ناوچەکەدا .
سیناریۆی
دووەم، ڕێکەوتنی قۆناغیی یە. تاران و واشنتۆن دەتوانن سەرەتا لەسەر کردنەوەی
گەرووی هورمز و هەڵگرتنی ئابڵوقە بە ڕێکەوتن بگەن و پاشان دانوستانەکان دەربارەی
بەرنامەی ناوەکیی و گەمارۆکان درێژە پێ بدەن. پرسی سەرەکی، گەرەنتی جێبەجێ کردنی
بەڵێنەکانی یەکتر دەبێت .
سیناریۆی سێیەم
درێژەپێدانی چەقبەستوویی و فشاری سەر یەکترە. لەو دۆخەدا، هەڕەشە سەربازییەکان و
گەمارۆی ئابووریی بەردەوام دەبن و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیش بەبێ گەیشتن بە
ڕێککەوتنی کۆتایی دەمێننەوە. ئەو سیناریۆیە مەترسی ڕوودانی پێکدادانی سنوردار و
حیساباتی هەڵە لەناو نابات .
ئەو سێ ڕێیە،
چەند سیناریۆیێکی شیکاریین و بە مانای پێشبینی بڕیاری کۆتایی تڕامپ یان
هەڵسەنگاندنی ئەگەری ڕوودانی هەر یەکەیان نیە .
بڕیاری ترامپ؛
کۆتایی جەنگ یان دەسپێکردنی قۆناغێکی نوێ ؟
شەڕ و
کێشمەکێشی ئێران و ئەمریکا ئێستا گەیشتووەتە ئاستێک هەردوولا بە ئاشکرا ئامرازە
سەرەکیەکانی گۆشارەکانیان بەکار هێناوە .
واشنتۆن
گەمارۆی دەریایی، ئابڵوقەکان و هەڕشەی هێرشی سەربازیی بەکار دەهێنێت، تارانیش بە
سنوردار کردنی کەشتیوانیی لە گەرووی هورمز و هەڕەشەی وڵامدانەوەی فراوانتر، هەوڵ
دەدات تێچووی گوشارە بەردەوامەکانی ئەمریکا کەم بکاتەوە .
لە وەها
دۆخێکدا، هەمان ئەو ئامرازانە کە هەر دوو لای ناچار بە دانوستان کردووە، دەتوانێت
گەیشتن بە ڕێککەوتنێکیش ئاڵۆز بکات؛ چونکە هەر دوو لا نیگەرانن لەوەی لەگەڵ زوو
پاشەکشێ کردن، گرنگترین ئامرازی خۆی لە دەست بدات .
ڕاپۆرتە بڵاو
کراوەکان لەو ڕۆژانەی دوایدا باس لە ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا و ئیسڕائیل دەکەن،
بەڵام بەردەوامیی پەیام گەیاندن لە ڕێگەی پاکستان و قەتەر دەریدەخات کە ڕێگای
دیبلۆماسیی هێشتا بە تەواوی دانەخراوە .
لە کۆتاییدا،
بابەتی سەرەکیی تەنها ئەوە نیە کە تڕامپ بڕیاری دووبارە هێرش کردن دەدات یان لەگەڵ
ئێراندا ڕێکەوتنی پێ باشترە. پرسیارە یەکلاکەرەوەکە ئەوەیە کە ئایا واشنتۆن و
تاران دەتوانن بگەنە سازشێک کە هەردوو لا ئیمتیازی پشتڕاستکراوە بدەن، بەبێ ئەوە
ڕێکەوتنە نوێیەکە ببێتە وەستانێکی کورت خایەن لە نێوان دوو خولی ململانێ و شەڕدا .
تا ڕۆژی
یەکشەممە 25 ئۆکتۆبەر، هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی یان بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بۆ
ئۆپراسیۆنی نوێ ڕانەگەیەنراوە. لە ئەنجامدا، هەڕەشەی هێرش و هەروەها ئەگەری
ڕێککەوتن بە دوو ڕێگای کراوە دەمێننەوە لە کێشمەکێشەکانی ئێران و ئەمریکا دا
