ناتانیاهۆ داوای پێكهێنانی حكومەتی یەكێتی نیشتمانی دەكات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 187 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە داوای پێكهێنانی حكومەتێكی فراوانی یەكگرتوویی نیشتمانی لەژێر سەركردایەتی خۆیدا كرد و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە ئامادەن بەشداری بكەن. هەروەها هێرشی كردە سەر لیستی یەكگرتووی عەرەبی و لیستی هاوبەش و تۆمەتباریكردن بە پاڵپشتیكردنی تیرۆر.

ناتانیاهۆ لە پۆستێكیدا لە پلاتفۆرمی ئێكس، ڕایگەیاندووە كە خەڵكی ئیسرائیل نایانەوێت حكومەتێك وابەستەی ئەو دوو لایەنە عەرەبییە بێت، كە خواستی ڕەتكردنەوەی بوونی دەوڵەتی جولەكەیان هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، "لە ڕۆژی یەكەمەوە دەستمان درێژكردووە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی یەكێتی نیشتمانی فراوان"، جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئەوەی پێبەخشیوە كە سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتوو بكات.

وتیشی، زۆرینەی جەماوەری جولەكە لیكودیان هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببێتە گەورەترین حزب و منیان وەك سەرۆك وەزیران هەڵبژارد بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتوو بكەم.

لە كۆتاییدا وتی: "ئێمە ئاواتەخوازین حكومەتێكی فراوان لەگەڵ هاوبەشەكانمان و لەگەڵ هەر لایەنێك پێكبهێنین كە ئارەزووی بەشداریكردن دەكات ئەوانەی پشتگیریی تیرۆر ناكەن. من كراوەم بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە".