كۆمپانیای DNO بەهۆی دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، ڕیكۆردی تۆمار كرد

کوردستان

60 خولەک پێش ئێستا‌ 131 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

كۆمپانیای نەوتی نەرویژی DNO ڕایگەیاندووە كە دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بووەتە هۆی زیادبوونی بەرچاو لە داهاتی ئەم كۆمپانیایە. قازانجی كۆمپانیاكە بە ڕێژەی ٤٦٪ زیادیكردووە و گەیشتووەتە ٦٤١.١ ملیۆن دۆلار؛ ئەوەش ڕیكۆردێكی نوێیە لە مێژووی ٥٥ ساڵەی ئەم كۆمپانیایەدا.

بەپێی ڕاگەیاندنی DNO، بەرهەمهێنانی نەوتی ئەم كۆمپانیایە لە هەرێمی كوردستان لە سێ‌مانگی سێیەمی ساڵدا گەیشتووەتە ٥٤ هەزار و ٩١٤ بەرمیل لە ڕۆژێكدا.

كۆمپانیاكە هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە نرخی فرۆشتنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە، بە شێوەیەك كە DNO لە بەرامبەر هەر بەرمیلێك نەوتدا ٣٨.٥ دۆلار وەردەگرێت. ئەم نرخە لە ئێستاشدا بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە نزیكەی ٤٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.

DNO هەروەها دووپاتی لە خێراكردنی پرۆسەی پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكانی لە هەرێمی كوردستان كردووەتەوە و ڕایگەیاندووە كە دەستی بە قۆناغی دووەمی پەرەپێدان كردووە. ئەم كۆمپانیایە پلانی ئەوەشی هەیە لە ساڵی ٢٠٢٧دا چالاكییەكانی هەڵكەندنی بیرە نەوتییەكان فراوانتر بكات.

لە هەمان كاتدا، كۆی بەرهەمهێنانی نەوتی DNO لە هەموو ناوچەكانی چالاكییەكانی ئەم كۆمپانیایە گەیشتووەتە ١٤٢ هەزار و ٧٦٨ بەرمیل لە ڕۆژێكدا؛ ئەمەش لەگەڵ تۆماركردنی ڕیكۆردێكی نوێ لە داهاتی كۆمپانیاكەدا هاوكات بووە.