شارپرێس:
کایەی سیاسیى هەرێمی کوردستان شایەتی وەرچەرخانێکی کتوپڕە پاشئەوەی ئەندامێکی دیاری پەرلەمانی کوردستان، جیابونەوەی یەکلاکەرەوەی خۆی لەڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاند، لەڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، پەرلەمانتار هەردی سەڵاح بەزمانێکی توندو پڕ لەڕەخنە، کۆتاییهاتنی تەواوی پهیوەندییە ڕێکخراوەیییەکانی خۆی لەگەڵ یەکێتیی ڕاگەیاندو بڕیاریدا لەمەودوا بەشێوازێکی جیاواز لەناو هۆڵی پەرلەماندا کاربکات.
هەردی سەڵاح ئهندامى پهرلهمانى كوردستان لەدەقی نامەی وازهێنانەکەیدا کە ئاڕاستەی ڕای گشتییو خەڵکی کوردستانی کردوە، بەڕونی ئاماژەی بەوەکردوە، هۆکاری سەرەکیی جێهێشتنی حزبەکەی بۆ کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیی دەگەڕێتەوە.
ناوبراو نوسیویەتی، "بەهۆی بێوەفایی، بێوادەییو بێهەڵوێستی، باوەڕم نەما"، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی ڕون لێکدانەوەی بۆ دەکرێت لەسەر بونی ناڕەزایی قوڵ لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنو بڕیارە سیاسییەکانی سەرکردایەتیی یەکێتیی لەم قۆناغەدا.
ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان جەختیکردوەتەوە، وازهێنانی لەحزبەکەی بەواتای کشانەوەی لەکایەی سیاسیىو پەرلەمانی نایەت، بەڵکو لەمڕۆ بەدواوە، وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ لەناو هۆڵی پەرلەماندا بەردەوامدەبێت.
ناوبراو بەڵێنی بەدەنگدەرانیدا، دور لەڕاسپاردنو گوشاری حزبی، هەر هەنگاوو کارێک کە لەچوارچێوەی خزمەتی ڕەسەنی کوردستانو هاوڵاتیاندا بێت، بەتەواوی پاڵپشتییدەکاتو کاری بۆ دەکات.
