زانیاریى گرنگ له‌باره‌ى ململانێ تونده‌كانى نێوان سودانی‌و مالیکی ئاشكراده‌كرێت

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2528 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زانیاریى له‌باره‌ى كێشه‌و هۆکارەکانی ناکۆکیی قورسی نێوان محەممەد شیاع سودانی‌و نوری مالیکی ئاشكراده‌كرێت، سەرچاوەیه‌كى ئاگادار-یش پشتڕاستیدەکاته‌وه‌، چەند لایەنێک لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا هاتونەتەسەر خەت بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە.


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى شەفەق نیوز بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ڕکابەریی نێوان سودانی‌و مالیکی لەقۆناغی کێشمەکێش لەسەر مافی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت پاش ڕاگەیاندنی دەرەنجامەکانی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەستیپێکرد، دواجار پڕۆسەکە بەڕێککەوتنی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر دیاریکردنی عەلی زەیدیی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق کۆتاییهات.

هێرش‌و دەمەقاڵێی توندی ئەمدواییەی نێوان سەرکردەو پەرلەمانتارانی هەردوو بەرەکە، کێبڕکێکەی گۆڕیی بۆ ناکۆکییەکی ئاشکرا؛ بەجۆرێک سەرکردەکانی دەوڵەتی یاسا (به‌سه‌رۆكایه‌تى مالیکی) داوای لێپرسینەوەیان لەسودانی کردوه‌ بەتۆمەتی زیانگەیاندن بەدارایی گشتیی دەوڵەت، لەبەرامبەردا، هاوپەیمانێتییەکەی سودانی داوای دادگاییکردنی مالیکییان کرد لەسەر کەیسی کەوتنی چەند پارێزگایەکی عێراق بەدەستی چەکدارانی تیرۆریستیی داعش‌و کوژرانی هەزاران گەنج لەکۆمەڵکوژیی سپایکەرداو جەختیانکردەوە، دەبێت کەمته‌رخەمەکان ڕادەستی دادگا بکرێن.

ئەم داواکاریانە بونە هۆی توڕەیی هەردولایەن‌و پەرەسەندنی شەڕی میدیایی، سەرەڕای بونی ڕێککەوتنێکی سیاسیی پێشوەختە لەنێوان سەرکردە باڵاکاندا کە دەڵێت، نابێت هیچ سەرۆک وەزیرانێکی پێشوو ڕادەستی دادگا بکرێت مەگەر لەکاتێکدا کە خۆی هۆکاری ڕاستەوخۆی تاوانێک یان زیانێک بوبێت، لەم نێوه‌نده‌شدا باس له‌وه‌كراوه‌، نێوەندگیریی عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە بەهه‌ماهه‌نگى لەگەڵ هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە لەهێورکردنەوەی دۆخەکەو ڕێگریی لەتەقینەوەی تەواوی چوارچێوەی هەماهەنگی (ماڵی شیعی).

خالید مه‌رسومی ئەندامی هاوپەیمانێتیی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان (به‌سه‌رۆكایه‌تى سودانی) بەتوندی داوای دادگاییکردنی مالیکی کردوه‌و وتویه‌تى، "دەبێت ئەو ببێتە پەند بۆ ئەوکەسەی کۆمەڵگەی وێرانکرد"، لەبەرامبەردا، هیشام ڕوکابی بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕاگەیاندنی مالیکی وەڵامیدایەوەو ڕایگەیاند، "دوڕویی‌و بازرگانیکردن بەسە؛ ئەوەی ئەمڕۆ باسی کەوتنی شارەکان‌و فیتنە دەکات، دەبێت واز لەبەکارهێنانی نەهامەتییەکانی گەلی عێراق لەململانێ سیاسییەکانیدا بهێنێت".