شارپرێس:
بەرەکانی جەنگی نێوان ڕوسیاو
ئۆکرانیا شایەتی جۆرێکی نوێو بێوێنە لەململانێی تەکنەلۆژیو هەواڵگرییە، پاشئەوەی
دەرکەوت سوپای ڕوسیا بەشێوازێکی بەرفراوان پەنای بردوەتەبەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای
ژیریی دەستکرد (AI) بۆ ساختەکردنی سەرکەوتن لهبهرهكانى جهنگ،
بهگوێرهى بەدواداچونێکی وردی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان، بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆو وێنەی
دروستکراوی پێشڕەوییەکان لەناوچەی ستراتیژیی (کوپیانسک) لەلایەن مۆسکۆوە، پەرچەکردارێکی
پێچەوانەی داوەتەوەو لەبری چاوترسێنکردنی ئۆکرانیا، بوەتە هۆی تێکدانی تێگەیشتنی فەرماندە
باڵاکانی خودی ڕوسیاو کەوتنیان بەناو هەڵەی کوشندەی تاکتیکیدا.
مۆسکۆ لەژێر سێبەری پەککەوتنی
پێشڕەویە ڕاستەقینەکانیدا، دەستی بەجێبەجێکردنی ئۆپۆراسیۆنی "هەڵکردنی ئاڵای
وەهمی" کردوە لەڕێگەی ڤیدیۆی دروستکراو بەژیریی دەستکرد، بۆ نمونە، بلۆگەرە سەربازییەکانی
ڕوسیا ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کە گوایە کۆنترۆڵکردنی وێستگەی شەمەندەفەری (کوپیانسک-ڤوزلۆڤیی)
نیشاندەدات، بەڵام پسپۆڕانی ئۆکرانی لەڕێگەی دیاریکردنی ناڕێکییە بینراوەکانو شێوازی
باڵەخانەکانەوە چەواشەکارییەکەیان واڵاکردەوە، چونکە ئەو وێستگەیە پێشتر بەتەواوی
خاپور ببوو و لەگەڵ دیمەنی ناو ڤیدیۆکەدا نەدەگونجا.
زیانی سەرەکیی ئەم ڤیدیۆ
ساختانە ڕاستەوخۆ بەر سوپای ڕوسیا کەوتوە؛ بەوپێیەی لەسیستمی سەربازیی ڕوسیادا نەریتی
پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی درۆینە بۆ سەرەوە زۆر باوە، تێکەڵبونی ئەم ڕاپۆرتانە لەگەڵ بەڵگە
بینراوە ساختەکانی ژیریی دەستکرد، وا پیشاندەدات کە هێزەکانی کرێملین ناوچەیەکیان
گرتوە لەکاتێکدا لەسەر زهوى، شتی وا ڕوینهداوه، ئەم تەڵە تەکنەلۆژییە وایکردوە
فەرماندە باڵاکانی ڕوسیا بێبەشبن لەتێگەیشتنی ڕاستی هێڵەکانی پێشەوەو بڕیاری تاکتیکیی
وابدەن کە هێزەکانیان ڕوبەڕوی تێکشکانو زیانی گیانیی زۆر قورس بکاتەوە، بەجۆرێک تەنانەت
بلۆگەرە سەربازییەکانی ڕوسیاش دەستیان بەڕەخنەگرتنی توند لەم چەواشەکارییە ناوخۆییە
کردوە.
لەبەرامبەر جەنگە میدیاییەکەی
ڕوسیادا، سوپای ئۆکرانیا لەئۆپۆراسیۆنی پێچەوانەی (ڤیڤالدی) لەکەرتی لیمان، ستراتیژییەکی
تەواو جیاوازی گرتەبەر، ئۆکرانیا بۆشاییەکی تەواوی زانیاریی بۆ هێزەکانی ڕوسیا
دروستکردو لەڕێگەی تێکشکاندنی درۆنە سیخوڕییەکانی کرێملینەوە، ڕێگەی نەدا هیچ زانیارییەک
دزەبکات، تا پڕۆسەکە بەتەواوی کۆتاییهات.
پاشان فەرماندە باڵاکانی
کێێف ڤیدیۆی دەستگیرکردنی 250 سەربازی ڕوسییان بڵاوکردەوە، کە ئەمەش تەواوی باوەڕی
گشتیی بەڤیدیۆ ساختەکانی ڕوسیا هێنایە خوارەوەو سەلماندی کە کۆنترۆڵکردنی هێڵی زانیاریی
لەسەر بنەمای ڕاستی، دەتوانێت گەورەترین پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ ئۆکرانیا دەستەبەربکات.
