كۆمارییەكان و دیموكراتەكان كێبڕكێیەكی توندیان دەستپێكرد

جیهان

39 خولەک پێش ئێستا‌ 148 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

  دەنگدان لە سەرانسەری ویلایەتەكانی ئەمریكا لە هەڵبژاردنەكانی نیوەخولی كۆنگرێس بەردەوامە و كۆمارییەكان و دیموكراتەكان كێبڕكێ دەكەن بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆنگرێس.

 ئەم هەڵبژاردنە توانای دۆناڵد ترەمپ دیاری دەكات بۆ جێبەجێكردنی كارنامەكەی لە ماوەی دوو ساڵی دیكەی خولی سەرۆكایەتییەكەیدا.

ئەمریكاییەكان هەر ٤٣٥ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵدەبژێرن، لەگەڵ ٣٥ ئەندامی ئەنجومەنی پیران لە كۆی ١٠٠ سیناتۆر. تێچووی ژیان و كاردانەوەی ئەگەری شەڕ لەگەڵ ئێران لە پرسە سەرەكییەكانی دەنگدەرانن.

لە كاتێكدا ڕاپرسییەكان و پێشبینییەكانی شیكەرەوانی سەربەخۆ پێشبینی دەكەن كە دیموكراتەكان زۆرینەی دەنگ لە ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنن، بەڵام كۆنترۆڵی ئەنجومەنی پیران تا ئێستا نادیارە.

هەڵبژاردنەكان تاقیكردنەوەیەكن بۆ ئەدای ترەمپ لەدوای گەڕانەوەی بۆ كۆشكی سپی و دەكرێت ئۆپۆزسیۆن ئاستەنگ بۆ پڕۆژە یاساكان و بڕیارەكانی ئیدارەكەی ترەمپ دروست بكات لە پێشیانەوە دابینكردنی بودجەی شەڕی ئێران و هاوكاری ئیسرائیل لەئەگەری زاڵبوونی دیموكراتەكان بەسەر كۆنگرێسدا.

ئێستا كۆمارییەكان ٢١٨ كورسی كۆنگرێس و دیموكراتەكان ٢١٤ كورسی كۆنگرێسیان كۆنترۆڵكردووە و ئێستا ئەگەری هەیە ببنە زۆرینەی كۆنگرێس  و پێش كۆمارییەكان بكەون.

ئەم هەڵبژاردنە نیوەخولەی ئەمریكا گرینگی لەڕادەبەری هەیە بەتایبەت لەگەڵ جەنگەكانی ئۆكرانیا و ئێران، بەباڵادەستبوونی دیموكراتەكان بەسەر كۆنگرێسدا گۆڕانكاری زۆر ڕوو دەدەن، بەتایبەت كەمكردنەوەی هاوكاری بۆ ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی هاوكارییەكان بۆ ئۆكرانیا و كەمكردنەوە یان ڕاگرتنی بودجەی شەڕی ئێران.