شارپرێس:
هەڵبژاردنەكانی نیوەخولی كۆنگرێسی ئەمریكا دەرگا بەڕووی سێ سیناریۆدا دەكاتەوە كە دەتوانن هاوسەنگی هێز لە واشنتۆن دابڕێژنەوە ئەوانیش سەركەوتنێكی بەرفراوانی دیموكراتەكان، دەستكەوتی سنووردار بۆ ئۆپۆزسیۆن، یان كۆمارییەكان كۆنترۆڵی كۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران بپارێزن.
دوای چەند مانگێك لە بانگەشەی هەڵبژاردن، سەرنج دەخرێتە سەر ئەوەی كە چۆن پێشەنگی دیموكراتەكان لە ڕاپرسییەكاندا دەگۆڕێت بۆ ئەنجامە ڕاستەقینەكان، هەروەها توانای كۆمارییەكان بۆ كۆكردنەوەی دەنگدەرەكانیان بۆ پاراستنی زۆرینەیان لەكۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران.
بەگوێرەی شیكارییەكی بی بی سی، ئەو گوشارانەی كە لە بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و كاردانەوەكانی شەڕ لەگەڵ ئێران سەرچاوەیان گرتووە، لەگەڵ مشتومڕ لەسەر سیاسەتەكانی كۆچبەری و وەبەرهێنانی تەكنەلۆژی ئەو بابەتانەن كاریگەرییان لەسەر دەنگدان هەیە.
سیناریۆكانی هەڵبژاردنەكانی نیوەخولی كۆنگرێس:
سیناریۆی یەكەم
ئەم سیناریۆیە بەندە بەوەوە كە دیموكراتەكان ناڕەزایی لە ئەدای ئیدارەی ئێستای ئەمریكا بگۆڕن بۆ دەستكەوتی بەرچاو، بە سوودوەرگرتن لە ڕەوتی مێژوویی پارتەكەی ترەمپ كە زۆرجار كورسییەكانی لە هەڵبژاردنەكانی نیوەخولدا لەدەستداوە.
لەم حاڵەتەدا دیموكراتەكان كۆنترۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەنەوە بە زۆرینەی دەنگ و تێپەڕاندنی ئاستی ٢١٨ كورسی، لە هەمان كاتدا ئەو بازنانەش دەبەنەوە كە مەیلیان بۆ كۆمارییەكان هەبووە.
ئەگەر پارتەكە بتوانێت زۆربەی پێشبڕكێكانی نزیك لەیەك بباتەوە و بگاتە ویلایەتەكانی وەك تەكساس و كانزاس، دەستكەوتەكان دەتوانن بگاتە ئەنجومەنی پیران.
كۆنتڕۆڵكردنی هەردوو ئەنجومەنەكە كاریگەری زیاتر بە دیموكراتەكان دەبەخشێت لە یاسادانان و چاودێریكردنی ئیدارەی ئەمریكا، ئەمەش وادەكات تێپەڕاندنی كارنامەی دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی دوو ساڵی دیكەی خولی سەرۆكایەتییەكەیدا قورستر بێت.
سیناریۆی دووەم
سیناریۆی دووەم وا گریمانە دەكات كە دیموكراتەكان دەستكەوتی پێویست بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران وەربگرنەوە، بەڵام بە زۆرینەیەكی كەم كە پەسەندكردنی پڕۆژە یاساكانیان وا دەكات پێویست بێت بە ڕێككەوتنی ناو حزبەكە.
لە ئەنجومەنی پیران ڕەنگە دەستكەوتەكانیان تەنها لە یەك یان دوو كورسیدا سنووردار بێت، ئەمەش بەس نەبێت بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی كۆمارییەكان بكات.
شیكارییەكانی بی بی سی چەند ئەگەرێك دەخاتە ڕوو كە ئەم ڕێڕەوە بەهێزتر دەكەن، لەوانە سیناتۆری كۆمارییەكان سوزان كۆلینز كورسییەكەی لە ویلایەتی مەین دەپارێزێت، شكستی دیموكراتەكان لە سەركەوتن لە مۆڵگە بەهێزەكانی كۆمارییەكان و هەروەها ئەو ڕكابەرییە سەختەی كە ڕووبەڕووی عەبدول ئەلسەید كاندیدی دیموكراتەكان دەبێتەوە لە میشیگان.
هەروەها پرسی كاندیدەكان كە ناوی هاوشێوەیان لە ویلایەتی ئەلاسكا هەیە، دەتوانێت كێبڕكێ بۆ ماری پێلتولای كاندیدی دیموكراتەكان زیاتر سەخت بكات.
ئەم سیناریۆیە پەیوەستە بە توانای كۆمارییەكان بۆ زیادكردنی ڕێژەی بەشداریكردنیان لەهەڵبژاردنەكاندا، بەم شێوەیەش زیادبوونی دەنگی دیموكراتەكان لە هەڵبژاردنی پێشوەختە هاوسەنگ دەكاتەوە.
دەرئەنجامەكە بە مانای دابەشبوون دەبێت لە كۆنگرێسدا، كە ئامرازەكان دەدات بە ئۆپۆزسیۆن بۆ لێپرسینەوە لە ئیدارەی كارگێڕی و ڕێگریكردن لە یاساكان، لەكاتێكدا كۆمارییەكان زۆرینەی خۆیان لە ئەنجومەنی پیران دەهێڵنەوە.
سیناریۆی سێیەم
سیناریۆی سێیەم وا گریمانە دەكات كە كۆمارییەكان زۆرینەی دەنگەكانیان لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران دەپارێزن، سەرەڕای ئەوەی دیموكراتەكان پێشەنگن لە هەڵبژاردنەكاندا بەپێی ڕاپرسییەكان.
ئەمەش پێویستی بە بەشداریكردنی بەهێزتری كۆمارییەكان دەبێت لە ئاستی چاوەڕوانكراو و بەدەستهێنانی پشتیوانی دەنگدەرانی سەربەخۆ و لاتینی كە ناڕەزاییان لە تێچووی ژیان و سیاسەتەكانی كۆچبەری دەربڕیوە.
