سوپای پاسدارانی ئێران بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هێرشێکی ئەگەری، هێزی "بەرپەرچدانەوەی باڵا" چالاک دەکات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2099 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، کارکردن بەتەواوی هێزەوە بۆ بەدیهێنانی "بەرپەرچدانەوەی باڵا" خراوەتە کارنامەی کارەکانیانەوە، ده‌شڵێت، "له‌ساڵی 1953وە دوژمنایه‌تیمان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ده‌ستیپێكردوه‌و هه‌ر ئێمه‌ش سه‌ركه‌وتوو ده‌بین".


به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى سوپای پاسداران بەبۆنەی ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەتاران لەساڵی 1979و (ڕۆژی نیشتمانیی بەرەنگاربونەوەی ستەمکاریی جیهانی) دەرکراوە، تێیدا هاتوە، "ئه‌م ڕۆژه‌ هێمایەکی چەسپاوی بەرگریی گەلی ئێرانە لەدژی ستەمکاریی جیهانیی، ئەم ڕۆژە یادەوەریی دورخستنەوەی ئیمام خومەینی لەساڵی 1964، کۆمەڵکوژیی قوتابیان‌و خوێندکارانی زانکۆ لەسەردەمی ڕژێمی پێشودا لەساڵی 1978و دەستبەسەرداگرتنی هێلانەی سیخوڕیی ئەمریکای لەساڵی 1979 لەمێژوی ئەم خاکەدا تۆمارکردوە؛ ئەمەش سەلماندی کە گەلی ئیماندارو شۆڕشگێڕی ئێران هیچ کاتێک خۆی بەدەست هەژمون‌و فێڵی بەرەی ستەمکارییەوە نادات".

لەپەیامەکەى سوپاى پاسداراندا هاتوە، "دوژمنکاریی ئەمریکا بەرامبەر بەگەلی ئێران ناکۆکییەکی کاتیی یان تێنەگەیشتنێکی سیاسیی نییە، بەڵکو ڕەگ‌و ڕیشەی لەململانێیەکی بنەڕەتیی ستراتیژیدا هەیە کە لەکودەتای ساڵی 1953وە دەستیپێکردوە، بەسەرکه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی بەردەوامبوەو بەدرێژایی 47 ساڵی ڕابردوش هەر ماوەتەوە".

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشکردوە، "لەژێر سایەی ئەو دۆخەی کە دوژمنی ئەمریکی-ئیسرائیلى، دوای خواردنی لێدانی کوشندەو بەئازار لەشەڕە سەپێنراوەکانی 12 ڕۆژەو 40 ڕۆژەو شەڕەکانی دوای ئەودا، توانای دەستدرێژیکردنەوەی لەدەستداوە؛ ئەمەش بەفەزڵی یەکڕیزیی گەلی ئێران‌و ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوە".

سوپای پاسداران دەڵێت، "ئەمریکاو ئیسرائیل لەڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە شەڕێکی دەرونییان دژی ئێران دەستپێکردوەو هەڕەشەی لەناوبردنی وڵاتەکەمان دەکەن، دەیانەوێت وا نیشانبدەن کە ئەمە شەڕی مان‌و نەمانە".

لەکۆتاییدا سوپای پاسداران ڕایگەیاندوە، "تەواوی ئەو ڕێکارو فەرمانە نوێیانەی لەلایەن ڕێبه‌رو فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە لەکۆبونەوەی فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکاندا دەرکراون، لەچوارچێوەی پرەنسیپی ‌بەرپەرچدانەوەی باڵا‌دا خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانانە بەهەماهەنگی‌و هاوکاریی لەگەڵ سه‌رجه‌م هێزە چەکدارەکان‌و پارێزەرانی نیشتمان، بۆ چرکەیەکیش دودڵ نابن".