مەسعود بارزانی داوا لەیەکێتی و لایەنەکانی دیکە دەکات بەشداریی کۆبونەوەکانی پەرلەمان بکەن

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 575 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەسعود بارزانی داوا لەیەکێتی و لایەنەکانی دیکە دەکات بەشداریی کۆبونەوەکانی پەرلەمان بکەن  و دەڵێت، کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکە بە ئاراستەی پاراستن و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان و لەدژی هیچ کەس و لایەنێک نییە.


مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" بەبۆنەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەم ".

ئەوەشیخستەڕوو،" دوای دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان خۆشبەختانە توانرا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە. لێرەدا سوپاسی هەموو ئەو پەرلەمانتارانە دەکەم کە هەڵوێستیان هەبوو و بە ئەرکی یاسایی و نیشتیمانی خۆیان هەستان و ئەم دامەزراوە دەستوورییەی هەرێمیان کارا کردەوە ".

بارزانی وتیشی،" کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکە بە ئاراستەی پاراستن و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان و لەدژی هیچ کەس و لایەنێک نییە و بە دڵنیاییەوە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و پڕۆسەی سیاسیدا دەبێت ".

مەسعود بارزانی دەشڵێت،" ئێستا کە پەرلەمان دەستی بەکارەکانی کردووە، داوا لە هەموو ئەو لایەنە بەڕێزانە دەکەم کە بەشداری ئەو پڕۆسەیە نەبوون، ئەوانیش بەشداریی بکەن و پێکەوە لەپێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان و هەنگاوەکانی تر هاوکار و یارمەتیدەری پڕۆسەی سیاسی بن ".