ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بەسەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی کۆدەبێتەوە

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 20361 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە، بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە، 5ـی 11ـی 2026 ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی کۆبونەوەیەکی گرنگ ئەنجام بدات.

بەگوێرەی زانیارییەکان، کۆبونەوەکەی سبەینێی ئەنجومەنی سەرکردایەتی تایبەت دەبێت بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و تێیدا هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەو پرسە رادەگەیەنن.

ئەو کۆبونەوەیەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دوای ئەوەدێت کە دوای نزیکەی دوو ساڵ، ئەمڕۆ چوارشەممە، پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهاتەکان و پەرلەمانتارە جیابوەوەکان بەکۆکردنەوەی 52 دەنگ، پەرلەمانی کوردستانیان کاراکردەوە.

هاوکات، کەمێک لەمەوبەر مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەیامێکدا وتی ،" ئێستا کە پەرلەمان دەستی بەکارەکانی کردووە، داوا لە هەموو ئەو لایەنە بەڕێزانە دەکەم کە بەشداری ئەو پڕۆسەیە نەبوون، ئەوانیش بەشداریی بکەن و پێکەوە لەپێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان و هەنگاوەکانی تر هاوکار و یارمەتیدەری پڕۆسەی سیاسی بن ".