پاڵپشتی ئه‌مریكا بۆ بەغدا ئاشكراده‌كرێت لەیەکلاکردنەوەی کێشە ئەمنی‌و داراییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3190 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوایین پەرەسەندنەکانی نێوان بەغداو هەولێر لەسەر مەلەفەکانی هەناردەکردنی نەوت، داهاتی فیدراڵی، خەرجکردنی موچەو پڕۆژەی ڕێگه‌ی گەشەپێدان، ئاماژە بەئەگەری بەکارهێنانی فشاری ئەمریکا لەلایەن عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دەکەن بۆ ناچارکردنی هەرێمی کوردستان بەجێبەجێکردنی پابەندییە دارایی‌و دەستورییەکانی.


لەکاتێکدا بەغدا جەخت لەسەر کۆنترۆڵکردنی ناوەندیی مەلەفە سیادییەکان دەکاتەوە، هەولێر پێداگریی دەکات کە چارەسەرەکە تەنها لەڕێگەی گفتوگۆی تەکنیکی‌و دەستوریی ناوخۆییەوە دەبێت بێ دەستوەردانی دەرەکی.

مەلەفی نەوت‌و بودجه‌؛ گڵۆپی سەوزی واشنتۆن بۆ بەغدا
فایەق ئێزدى سیاسەتمەداری کورد به‌ڕۆژنامه‌ى (العالم الجدید)ى وتوه‌، "هەندێک لایەن لەهەرێمی کوردستان دەیانەوێت بەربەست لەبەردەم دەوڵەتی فیدراڵیدا دروستبکەن، بەتایبەت لەمەلەفی نەوت‌و داراییدا".

ئێزدیى وتوشیه‌تى، "سەردانەکەی عەلی زەیدیی بۆ واشنتۆن لەتەمموزی 2026و دیدارەکانی لەگەڵ دۆناڵد تره‌مپ، بوەتە هۆی بەدەستهێنانی گڵۆپی سەوز بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەچوارچێوەی دەستورداو ئەمریکا فشاری زیاتر دەخاتەسەر هەولێر بۆ کۆتایهێنان بەم کێشانە".

هه‌روه‌ك پێشیوایه‌، "ئەم کرانەوەیەی بەغدا بەرامبەر واشنتۆن، پابەندیی نوێی ئابوریی‌و ئەمنی بۆ عێراق دروستدەکات کە حکومەت دەتوانێت وەک کارتی گوشار دژی هەرێم بەکاریبهێنێت".

نەوت‌و ڕێگه‌ی گەشەپێدان؛ چەقی کێشەکان
ڕاپۆرتى ڕۆژنامه‌كه‌ باسى له‌وه‌شكردوه‌، نەوت ناوه‌ڕۆکی ململانێکانە، تێگەیشتنەکانی ئه‌مساڵی 2026 ئاماژە بەهەوڵێک دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی کۆمپانیای نیشتمانیی (سۆمۆ)وە، بەشێوەیەک کە سەرەتا بە 250 هەزار بەرمیل دەستپێبکات‌و بگاتە 400 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا، لەگەڵ ڕێککەوتن لەسەر هێڵی کەرکوک-جیهان".

ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی 17 ملیار دۆلاریە بۆ بەستنەوەی بەندەری فاو بەتورکیاوە تا ساڵی 2029، کێشەی سەرەکی لێرەدا تێپەڕبونی هێڵەکەیە بەخاکی هەرێمی کوردستاندا (پارێزگای دهۆک) کە هەولێر وەک ڕێگرێک لەبەردەمیدا دەبینرێت.

ڕەتکردنەوەی هەولێرو تێکەڵبونی هێزەکانی (یەبەشە)
لەبەرامبەردا، شێرزاد حوسێن كادیرى پێشكه‌وتوى پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە، پەنابردنەبەر لایەنی بیانی بۆ کێشەیەکی ناوخۆیی جێگەی داخە، دەشڵێت، "کێشەکانی نەوت، دەروازە سنورییەکان‌و ڕێگه‌ی گەشەپێدان دەبێت لەڕێگەی لیژنە تەکنیکییەکان‌و دەستورەوە چارەسەربکرێن نەک لێدوانی سیاسیی".

لەلایەکی دیکەوە، شێرزاد مستەفاو ئارام مەجید وه‌كو دوو شیکەرەوەى سیاسیى  ئاماژە بەوەدەکەن، پێشوازیی ئەمریکا لەتێکەڵبونی هێزەکانی یەبەشە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەشنگال، وایکردوە عەلی زەیدیی بەپاڵپشتیی واشنتۆن سوربێت لەسەر کۆتایهێنان بەسەرپێچییەکانی هەرێم، لەوانەش پەکخستنی سیستەمی گومرگیی (ئەسیکۆدا)و بونی دەروازە سنورییە وەهمییەکان، ئەگەر هەولێر بەردەوامبێت لەسەر ئەم ڕێڕەوە، بەغدا ڕاستەوخۆ داوای دەستوەردانی واشنتۆن دەکات.