گفتوگۆکانی داماڵینی چەکی گروپە چەکدارەکان لە عێراق گەیشتۆتە بنبەست

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 253 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەکی حکومیی نزیک لە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمرۆ پێنجشەممە ئاشکرای کردووە کە گفتوگۆکانی داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان گەیشتۆتە ڕێگایەکی نیمچەداخراو، هۆشداریشی دا لە گواستنەوەی توندوتیژیی میدیایی بۆ شەقام و کاریگەریی لەسەر دۆخی ئەمنیی.

سەرچاوەکە ڕاگەیاندووە کە گرووپە چەکدارەکان بەردەوامن لە ڕەتکردنەوەی رادەستکردنی چەکەکانیان، ئەمەش وای کردووە هێرشە میدیاییەکانیان دژ بە زەیدی و حکومەتەکەی، هەروەک دژ بە چوارچێوەی هەماهەنگی، دەستپێبکەنەوە.

بەپێی قسەی سەرچاوەکە، بەردەوامیی ئەم توندوتیژییە لەوانەیە ململا‌نێکە لە ئاستی ڕاگەیاندن و ناکۆکییە سیاسییەکانەوە بگوازێتەوە بۆ شەقام. لە هەمان کاتدا، چەند لایەنێکی کاریگەر لە چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵیان داوە بارودۆخەکە ئارام بکەنەوە و ڕێگریی لە توندبوونەوەی ناکۆکییەکان بکەن.

ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە ئەبو موجاهید ئەلعەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتائبی حیزبوڵڵا، ڕەخنەی لە حکومەت گرت و لەسەر دۆسیەی گرێبەستی فرۆشتنی نەوت بە کۆمپانیای "ئەدنۆک"ی ئیمارات و جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی حکومەت پرسیاری لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی کردووە.

 عەساف ڕایگەیاندووە "مقاوەمەی ئیسلامیی" چاوەڕێی کۆپیی ڕێککەوتننامەکەیە و تا ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە هیچ چالاکییەکی سەربازیی لە عێراقدا ئەنجام نادات.

پێشتر هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، و هەندێک ئەندامی لیژنەی چوارقۆڵیی گفتوگۆ، لە کۆبوونەوە تاکەکەسییەکانی زەیدی لەگەڵ سەرکردەی گرووپەکان ناڕازی بوون و دەترسان ئەم هەنگاوانە ئەنجامی پێچەوانەیان هەبێت. لیژنەکە پێشتر ئاماژەی بە پێشکەوتن لە گفتوگۆکان کردبوو و پابەند بوو کارەکەی تا کۆتایی حوزەیرانی 2027 تەواو بکات.

لە لایەکی دیکەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، ڕایگەیاند کە سەرکردە و ئەندامانی "بەرەی مقاوەمە" وەفاداریی ڕەهایان بە نووسراوە ڕاگەیاندووە، دوای ڕێنماییەکانی موجتەبا خامنەیی بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک بەبێ سنووری جوگرافیایی.

هەوڵەکانی زەیدی بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا پشتگیریی چەند لایەنێکی سیاسیی شیعەی بەدەستهێناوە، لەوانە رەوتی نیشتمانیی شیعی، رەوتی حیکمە، عەسائبی ئەهلی حەق و کەتائبی ئیمام عەلی.

هەروەک ئەمریکاش پشتگیریی ئەم ئاراستەیە دەکات؛ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانیی هەوڵەکانی زەیدی بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت دەربڕیوە و کۆشکی سپی داوای گواستنەوەی چەکی گرووپەکان بۆ حکومەتی فیدراڵی کردووە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی