کۆبوونەوەی گشتیی کەنەکە لە هۆڵەندا بەڕێوەچوو

کوردستان

21/04/2024‌ 407 جار خوێندراوه‌ته‌وه


بە درووشمی “لە تێکۆشانی ڕزگاریی و ئازادیی کوردستان، ڕێگای سەرکەوتن یەکێتییە” ٢٢ـەمین کۆبوونەوەی گشتیی کەنەکە دەستی پێ کرد و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ کۆبوونەوەکە بەردەوامدەبێت.

کەنەکە بۆ ئەنجامدانی ٢٢ـەمین کۆبوونەوەی گشتیی ئەنجوومەنی خۆی لە هۆڵەندا کۆبووەوە، کۆبوونەوەکە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە لە نوێنەری پارت، دامەزراوە سیاسییەکان، نووسەران، ڕۆشنبیران و کەسایەتییە ناوەدارەکانی هەر چوار بەشی کوردستان پێکدێن.

هەروەها پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر یەکێکە لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە.

وتاری دەستپێکی کۆبوونەوەکە، لەلایەن ئەندامی ئەنجوومەنی کەنەکە شێرکۆ محەمەد ئەمین و ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کەنەکە شەهلا حافید، بە درووشمی “لە تێکۆشان بۆ ڕزگاریی و ئازادیی کوردستان، ڕێگای سەرکەوتن یەکێتیە” پێشکەش کرا.

دوای وتاری دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، هەڵبژاردنی دیوان بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە دوو ڕۆژییەکە ئەنجام درا.

هەریەک لە ژاڵانە نەقشبەندی و هیوا ناسیح بە نوێنەرایەتی بزووتنەوەی گۆڕان، بە نوێنەرایەتی حزبی زەحمەتکێشان هیوا سەید سەلیم، بە نوێنەرایەتی یەنەکە دەرسیم زەند، بە نوێنەرایەتی پارتی ئەلباڤێ نارین، بەناوی وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەنەکە نیلوفەر کۆچ، بۆ دیوانی بەڕێوەبەریی کۆبوونەوەکە هەڵبژێردران.

نیلوفەر کۆچ، کە بە سەرۆکی دیوان هەڵبژێردرا، ڕایگەیاند، ئەوان وەک کەنەکە لە کاتێکی ناسەقامگیردا کۆبوونەوەکانیان ئەنجام دەدەن و وتی: “تورکیا هێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان، هەروەها پێویستە سیاسەتەکانمان لەگەڵ ئەمەدا ڕیکبخەین.”

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە زەینەب موراد و ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکانی کەنەکە وتاریان پێشکەش کرد.

 زەینەب موراد وتی: ” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا قەیرانێکی جددی لە ئارادایە، دوژمنانمان، ئێمە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەهێنن و دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر گەلەکەمان، پلانەکانیان لەو چوارچێوەدایە، دەیانەوێت ئەو پلانەیان کە سەدان ساڵە کە نەیانتوانیوە گەلەکەمانی پێ لە ناو ببەن ئێستا جێبەجێ بکەن،  پێشەنگی ئەم کۆمەڵکوژیانە دەوڵەتی تورکیایە، ئێران، سوریا و عێراقیش بەشێکن لەم پیلانە.

وتیشی: ئێمەی کورد دەبێ یەکێتی خۆمان لە بەرامبەر ئەو هەموو کۆمەڵکوژییەدا بنیات بنین، پێویستە ئێمە وەک کەنەکە هەڵوێستی خۆمان لە بەرامبەر ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد و پارتە کوردییەکان نیشان بدەین، پێویستە ئاگاداریان بکەینەوە کە خاکی کوردستان کەرامەتی هەموو کوردانە و پێویستە هەموو لایەک بیپارێزن.

زەینەب موراد لە وتارەکەیدا وەبیری هێنایەوە کە پێویستە لە دژی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشان بەرز بکرێتەوە.

هەروەها ئەحمەد قەرەمووس وتی: ” ئەمڕۆ چوار دەوڵەتی داگیرکەر و چەوسێنەر یەکیانگرتووە و هێرش دەکەنە سەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد، ئەوان هەبوونی گەلی کورد قبووڵ ناکەن، هەر بۆیە پلان و بەرنامەی گڵاو دادەڕێژن، تورکیا لە کوردستان تاوان دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات، بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی سەلمێنەری ئەمەیە، ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا و شەنگال هێرش دەکرێتە سەر خەڵکی سڤیل، بەمشێوەیە هەوڵدەدات خاکەکەمان داگیر بکات.”

هەروەها بانگەوازی لە پەدەکەش کرد و وتی: “ئەمڕۆ دوژمنەکانمان لە دژی ئێمە یەکیانگرتووە و هێرش دەکەنە سەرمان، هەموو لایەنەکان لە پێناو یەکێتی گەلی کورددا وڵامی بانگەوازی کەنەکەیان داوەتەوە، بەڵام پەدەکە بە هیچ شێوەیەک وەڵامی نەداوەتەوە، من ئەم بانگەوازییەم بۆ پەدەکەیە؛ “دەبێت پارتی دیموکراتی کوردستان لە کوشتن و پیلانە گڵاوەکانی تورکیادا بەشداری نەکات، پێویستە بۆ بەرژەوەندی و یەکێتی گەلی کورد تێبکۆشین، ڕزگاری گەلەکەمان لەمەدایە.”

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کەنەکە، لە ٢٦ـی ئایاری ١٩٩٩ لە شاری ئەمستردامی هۆڵەندا کۆنگرەی دامەزراندنی خۆی ئەنجامدا، کەنەکە ماوەی ٢٥ ساڵە لەپێناو یەکێتیی نێوان پارتە کوردییەکان لە چوار بەشی کوردستان لە هەوڵ و تێکۆشاندایە.