ئۆپیك زانیاریه‌ك به‌عێراق ده‌دات له‌باره‌ى به‌قاچاخبردنى نه‌وتى هه‌رێمه‌وه‌

عیراق

24/04/2024‌ 2975 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێكى لیژنەی نەوت‌و غاز لەپه‌رله‌مانى عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، لەگەڵ ئەوەی لەساڵی ڕابردووەوە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی بۆ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم دەرچوە، بەڵام ڕۆژانە نزیکەی 250 هەزار بەرمیل نەوت لەبەرژەوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێگه‌ی تورکیا بەقاچاخ دەبرێت.


عەلا حەیدەری ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لەپه‌رله‌مانى عێراق توێتێکى كردوه‌ لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نوسیویه‌تى:"لەناو ڕێکخراوی ئۆپیکەوە وەزارەتی نەوتی عێراق ئاگادارکراوەتەوە لەبونی زانیاریی سەبارەت بەبەقاچاخبردنی بڕێکی زۆری نەوت لەهەرێمی کوردستانەوە بەرەو تورکیا".

ده‌شڵێت:"ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەئاداری ساڵی ڕابردووەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبڕیارێکی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لەپاریس ڕاگیراوە".

بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت‌و غاز له‌پەرلەمانی عێراق، "ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) وەزارەتی نەوتی عێراقی ئاگادارکردوه‌تەوە لەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن، ڕۆژانە نزیکەی 200 بۆ 225 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن‌و لەڕێگه‌ی سنوری تورکیا بەقاچاخ دەبردرێت".