چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی پرسی پەکەکەوە داواکارییەک ئاراستەی سودانی دەکات

عیراق

24/04/2024‌ 2402 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار لەناو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی لایەنە شیعییەکان، داواکاریی تورکیا بۆئەوەی عێراق لەدۆسیەی بەرەنگاربونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌) هاوبەشیی تورکیا بکات لەبەرژەوەندیی عێراقدا نییەو نابێت بەغدا  بچێتە ژێر باری ئەو داوایەی ئەنکەرەوە.


ئەو سەرچاوەیە ئاشكرایكردوه‌، سیاسەتی گشتیی عێراق ئەوەیە نابێت بچێتە ناو هیچ ململانییەکی دەرەکییەوەو لەو جۆرە ململانێیانەدا نەبێتە لایەن، هەربۆیە داواکاریی تورکیا لەسەر زاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆئەوەی عێراق بەشداریی لێدانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بکات، پێچەوانەی ئەو سیاسەتەیە کە دەستوری عێراق بڕیاری لێداوە.

ئەوەشى وتوه‌، "داواکارییەکەی تورکیا لەبەرژەوەندیی عێراقدا نییەو حکومەتی محەمەد شیاع سودانیش نابێت هۆکاربێت بۆ ڕژانی خوێنی ڕۆڵەکانی ئەو وڵاتە".

ڕونیشیکردۆتەوە، ئەوەی تورکەکان دەیانەوێت، دەبێت لەسەر ئاستی هەماهەنگیی بێت‌و نابێت بگاتە ئاستی بەشدارییکردنی سوپای عێراق لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سەر سنور.

دوشەممەی ڕابردوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا، لەمیانی سەردانێکیدا بۆ بەغدا جەختی لەوەکردەوە، پێویستە حکومەتی عێراق لەبەرەنگاربونەوەی پەکەکەدا هاوبەشی تورکیا بکات.