یوسف كلابى باسى هه‌ژمارى من‌و موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ده‌كات

ئابوری

24/04/2024‌ 10660 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

په‌رله‌مانتارێكى دیارى عێراق له‌نوێترین لێدوانیدا هه‌ڵوێستى حكومه‌تى عێراقى له‌باره‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ڕێگه‌ى پڕۆژه‌ى (هه‌ژمارى من)ه‌وه‌ ئاشكراكردوه‌و ده‌ڵێت:"(هەژماری من) موچەی پێ وەرناگیرێت".


یوسف كلابی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ئه‌ندامه‌ دیاره‌كانى په‌رله‌مانى عێراق لەپێگەی فەرمی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێكس نوسیویەتی:"(هەژماری من) موچەی پێ وەرناگیرێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ له‌په‌یامێكدا بۆ فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئاگاداریتان.. میوانداریی بەڕێوەبەری بانکە حکومیەکانمان کرد لەلیژنەی دەستپاکی سه‌باره‌ت به‌تەوتین، بۆیه‌ دەمانەوێ بەکورتی ڕونى بکەینەوە".

ده‌ڵێت:"هەر تەوتینێک لەدەرەوەی بانکە حکومیە فیدڕاڵیەکان، نافەرمیەو موچەکەتی پێ وەرناگیرێ، مەبەستم (هەژماری من)ە، دواتر بانکە حکومیەکان ئامادەی تەوتینكردنن، دواخستنەکە لەحکومەتی هەرێمەیەوە".

پێشتریش موعین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لەپه‌رله‌مانى عێراق ڕایگەیاندبوو، تێگەیشتن لەنێوان هەرێم‌و بەغدا هەیە بۆ بەردەوامیدان بەناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم كە هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق مانگانە موچەی موچەخۆران ڕەوانەبكرێت.

موعین کازمی وتیشی:”بەبانكیكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەڕێگه‌ی بانكەكانی ڕەشید‌و ڕافیدەینەوە دەبێت بۆ ئەوە لقی بانكەكانی ڕەشیدو ڕافیدەین دەكرێنەوەو پێویستە ئاسانكاریی بۆ ئەو هەنگاوە بكرێت”.

بەپەلە