ئه‌مریكا سزایه‌كى دیكه‌ى بۆ ئێران ده‌ركرد

جیهان

24/04/2024‌ 524 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزای بەسەر چوار كەسایەتی‌و دوو دامەزراوەی ئێراندا سەپاند كە سەر بەسوپای پاسدارانن، دەشڵێن، بەردەوامدەبین لەسزادانی ئەو گروپ‌و كەسایەتیانەی دژی بەرژەوەندییەكانمان كاردەكەن.


وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لەبارەی سزادانی چەند دامەزراوەو كەساییەتیەكی ئێران ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، وەزارەتەكەمان سێ كەس‌و دوو دامەزراوەی سزاداوە، كە سەر بەفەرماندەیی تەكنەلۆژیایی سوپای پاسدارانن‌و یەکێک لەوانەش پەیوەندیی بەكۆمپانیایەكی سەر بەسوپای پاسدارانەوە هەیە.

ئاماژە بەوەشكراوە، كەسە سزادراوەكان بریتین لە، (عەلی ڕەزا شەفیعی نەسەب، كومەیل سەلمانی، ڕەزا كازمیفەرو حوسێن محەمەد هارونی)‌و ناوی دوو كۆمپانیاكەش “ئارمان داتا‌و مێهرسام ئەندێشە ساز نیك”ە.

باس له‌وه‌شكراوه‌، بەردەوامدەبین لەسزادانی ئەو گروپ كەسایەتیانەی دژی بەرژەوەندییەكانمان كاردەكەن.

لەدوای هێرشەكەی یه‌كی ئەم مانگەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، تەلئەبیب داوای لە72 وڵات كرد، سزای ئێران بدەن، بەهۆی ئەو هێرشەی ئەنجامیداوە، دوای ئەو داوایە، ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاو چەند وڵاتێكی دیكە تاووتوێى سزادانی ئێران دەكەن.