شارپرێس:
ئاژانسى میهرى ئێران ئاشكرایكردوه، مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران، بەڵگەنامەکانی کاندیدبونی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشکەشکرد.
ئاژانسهكه بڵاوكردهوه، 17 کاندید داوایان پێشکەشی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردوە، بۆ بەشداریی لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران کە چاوەڕواندەکرێت لەکۆتایی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچێت.
کاندیدەکانی ئێستا زیاتر سەر بەڕەوتی پارێزگارانن، لەکاتێکدا هێزە چاکسازیخوازەکان هێشتا بەدوای کەسایەتی بەهێزدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بچنە ناو ململانێی هەڵبژاردنەکانەوە.
بهگوێرهى دهستورى ئهو وڵاته، ماوەى یاسایی بۆ خۆکاندیدکردن لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران سبەینێ دوشهممه تەواو دەبێت، چاوەڕواندەکرێت لیستی کاندیدەکانیش فراوانتربێت.
ئاژانسى میهر دهڵێت:"لەلیستی کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، عەلی لاریجانی سەرۆکی پێشوی ئەنجومەنی شوراو سەعید جەلیلی سکرتێری پێشوی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، دوو ناوی دیارن لەڕەوتی پارێزگاران".
ئهمهش لهكاتێكدایه، ئاژانسى ههواڵى ڕۆیتەرز نوسیویهتى، وەحید حەقانیانی فەرماندەی پێشوی سوپای پاسدارانی ئێران لەئێستادا لەلیستی سزاکانی ئەمریکادایەو ناوبراو خۆى بۆ پۆستى سهرۆكى ئێران كاندید كردوه.
نوسینگەی هەڵبژاردنەکانی ئێران 12 مەرجی سەرەکیی وەک بەربەستی یاسایی بۆ ئەوکەسانە دیاریکردوە کە دەیانەوێت ببنە کاندیدی خولی داهاتوی سەرۆکایەتیی کۆمار، بەتێپەڕاندنی هەر 12 مەرجەکە ناویان تۆماردەکرێتو دەچنە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردن، پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکان لە 30ی ئایاری مانگی ڕابردوو دەستیپێکردو تاوەکو 3ی ئەم مانگەش بەردەوامدەبێت.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران "ئیرنا" ئاماژهى بهوهداوه، لەو کەسایەتیانەی تائێستا بەکاندید تۆمارکراون، هەریەک لەعەلی لاریجانی، مەحمود ئەحمەدی بێغەش، محەمەد خۆشچێهرە، عەبدولناسر هیممەتی، سەعید جەلیلی، قودرەتعەلی حیشمەتیان، عەباس موقتەدایی، موستافە کەواکبیان، محەممەد ڕەزا سەباغیان لەنوسینگەی هەڵبژاردنەکانی ئێران بەتێپەڕاندنی مەرجە یاساییەکان ناوەکانیان تۆمارکراوە.
