شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا فشاری خستۆتەسەر هاوپەیمانەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەی هەڕەشەی تایبەت لەبزوتنەوەی حەماس بکەن، ئەمەش لەچوارچێوەی هەڵمەتێکی بەپەلە بۆ ناچارکردنی بزوتنەوەکە بەرەو ئاگربەستی پێشنیازکراو لەکەرتی غەززەو ئازادکردنی بارمتەکان.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت، لەگەڵ نزیکبونەوەی ململانێی نێوان ئیسرائیلو حەماس لەمانگی نۆیەمیدا، بەرپرسانی ئەمریکا داوایان لەقەتەرو میسرو تورکیا کردوە فشارەکان بۆ سەر حەماس زیادبکەن، هەروەک داوایان لەچەند وڵاتێک کردوە هەڕەشەی بلۆککردنی هەژماری بانکیی ئەندامانی حەماس بکەنو توانای گەشتکردنیان لەناوچەکەدا سنوردار بکەن.
هەروەک، ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست بەپشتبەستن بەو ڕاپۆرتە ئەمریکییە ڕایگەیاندوە، “ئەمریکا چەند مانگێکە فشاردەخاتەسەر قەتەر بۆ ئەوەی ڕایبگەیەنێت کە ئەندامانی بزوتنەوەی حەماس لەوڵاتەکەی دەردەکات ئەگەربێتو ڕێککەوتنی ئاگربەست قبوڵنەکات".
کەناڵی سی ئێن ئێن لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە دەڵێت:“دوای چەند مانگێک لەبڵاوبونەوەی هەواڵی گریمانەی دەرکردنی ئەندامانی حەماس لەقەتەر، ڕەنگە بەکرداری مەترسیی دەرکردنیان لەسەربێت، قەتەر پێشتر ئەم هەڕەشەیەی کردوە، بەوپێیەی قەتەر بەڕونی بەحەماسی ڕاگەیاندوە کە نەگەیشتن بەئاگربەست دەبێتە هۆی دەرکردنیان لەدەوحە".
ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە ڕایگەیاندوە، حەماس لەوەڵامەکەیدا وریا بوە، تا ئێوارەی پێنجشەممە، کاتێک ڕایگەیاندوە کە “نە پێشنیازەکەی قبوڵکردوەو نە ڕەتیکردوەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "داواکاریی حەماس بۆ کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیل لەهەموو کەرتی غەززە، پێشئەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی ئێستای قبوڵبکات، بوە هۆی دواکەوتنی ڕێککەوتنەکە".
ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چوارشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئەمریکا تێبینیکردوە کە میسرو قەتەر "فشارێکی زۆر لەسەر حەماس دروستدەکەن"، بەڵام ڕەتیکردەوە بچێتە ناو وردەکارییەکانی هەڵمەتی فشارەکانەوە.
