شارپرێس:
بەرپرسێکی سوپای قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرایکرد، حزبوڵڵای لوبنان خاوەنی زیاتر لەملیۆنێک موشەکی جۆراوجۆرە، لەوانە موشەکی ئاڕاستەکراوی وردپێکو موشەکی کاتیۆشا دەستکاریکراو بۆ زیادکردنی پێکانی ورد، ئەوە جگە لەموشەکی دژە تانک.
ئەو بەرپرسە بەگۆڤاری "فۆرین پۆڵسی"ی ئەمریکی وتوە، جبەخانەی حزبوڵڵا بریتییە لەفڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دیکە کە بەموشەکی دروستکراوی ڕوسیا تەیارکراونو ڕێگە بەهێرشی ئاسمانی دژ بەئیسرائیل دەدەن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو هێزە جۆرێک لەموشەکی ئێرانی هەیە بەناوی “ئەلماس” کە بەکامێرایەک تەیارکراوەو لەموشەکی سپایکی ئیسرائیلییەوە وەرگیراوەو ڕۆڵی هەیە لەگۆڕینی یاساکانی یاریی، چونکە وا دەکات حزبوڵڵا کەمتر بەرەوڕوی هێرشەکانی ئیسرائیل بێت بۆ سەر شوێنەکانی هەڵدانى موشەک.
لەبەرامبەریشدا، ئیسرائیل جبەخانەیەکی زۆر گەورەتری هەیە لەموشەکی ئاسمانیی بۆ سەرزەویی کە لەفڕۆکەی جەنگیی جۆراوجۆرو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگییەوە هەڵدەدرێت.
بەرەی لوبنان جارێکی دیکە بۆوە هەواڵی میدیاکان لەگەڵ پەرەسەندنی ڕوبەڕوبونەوەکانی نێوان ئیسرائیلو حزبوڵڵا لەچەند ڕۆژی ڕابردودا، لەکاتێکدا تەلئەبیب بەردەوامە لەهەوڵەکانی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان لەباکوری وڵات کە بەهۆی موشەکەکانی حزبوڵڵاوە کەوتونەتەوە، هەروەک هەواڵەکانیش باس لەهێرشێکی نزیکی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەکەن.
ئاڵوگۆڕی تەقەی نێوان هەردوولایەنی ئیسرائیلو حزبوڵڵا بۆتە هۆی ئاوارەبونی زیاتر لە 150 هەزار کەس لەهەردوو دیوی سنورەکەو شارۆچکە سنورییەکانی لوبنان چۆڵکراون.
وێرانکارییەکانیش وردە وردە بۆ شارۆچکەکانی باکوری ئیسرائیل درێژدەبێتەوە، کە دانیشتوانیان زیاتر داوای ئەوەدەکەن کە دەوڵەتی ئیسرائیل هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ سەر ماڵو حاڵی خۆیان.
