ئه‌مڕۆ زیاتر دوو ملیۆن حاجى له‌كێوى عه‌ره‌فه‌ ده‌بن

جیهان

15/06/2024‌ 1175 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیاى سعودیه‌ ئاشكرایكردوه‌، زیاتر لەدوو ملیۆن حاجی ئەمساڵ له‌فەریزەی حەجن‌و ئه‌مڕۆ شەممەش لەکێوی عەرەفە دەوەستن، وەک گەورەترین ڕوکنی حەج.


له‌و هه‌واڵه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، 208 هەزار حاجی کە دانیشتوی وڵاتی سعودیەن، ئەمساڵ فەریزەی حەج ئەنجامدەدەن، لەکاتێکدا، ملیۆنێک‌و 800 هەزار حاجیش لەسەرتاسەری جیهانەوە، بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، سەردانی ئه‌و وڵاته‌یان کردوە.

ئامارەکان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، 250 هەزار کەس لەهەموو تیمە جیاوازەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی سعودیە، بەشدارن لەبەڕێوەبردنی فەریزەی حەجی ئەمساڵ، جگە لەهەزاران خۆبەخش کە بۆ ڕێنمایی‌و هاوکاریی حاجییان لەناوچە جیاوازەکانی هەنگاوەکانی فەریزەی حەج بەشدارن.

بۆ گواستنەوەی حاجییان بۆ مەشعەری مینا، زیاتر لەپێنج هەزار کەس لە ڕێگەی 12 هەزار پاسەوە لە حەوت ئاراستەوە بەشداربوون کە بۆ گواستنەوەی تەواوی حاجییان، زیاتر لە16 کاتژمێر دەخایەنێت‌و کاتژمێر هەشتی بەیانی ئه‌مڕۆ شەممە بەردەوام بوه‌.

سعودیە ده‌ڵێت:"لەڕوی تەکنەلۆژییەوە، حەجی ئەمساڵ لەهەموو ساڵانی پێشووتر جیاوازترە کە زۆربەی کارەکانی ڕێکخستن‌و چاودێری حاجییانیان لەڕێگەی دیجیتاڵییەوە ڕێکخستووەو هەر حاجییەکیش لە ڕێگەی کارته‌وه‌، هەموو زانیارییە کەسییەکانی و شوێنی مانەوەی لە مەککە و زانیاری لەبارەی سەرپەرشتیاری کاروانەکەی، بەشێوەی ئەلیکترۆنی تێدا تۆمارکراوە".

یەکێکی دیکە لەڕووداوە دیارەکانی حەجی ئەمساڵ، حاجییان سێ ڕۆژ لەسەر یەک گوێبیستی وتار دەبن، دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی لە مەککە، ئامادەی وتاری هەینی بوون، ڕۆژی شەممەش وتاری وەستان لە کێوی عەرەفە دەخوێندرێتەوە و ڕۆژی دواتریش کە دەکاتە یەکەم ڕۆژنی جەژنی قوربان، وتاری جەژن پێشکەشدەکرێت.

دوێنێ هەینی ئەرک‌و واجباتی حاجییان دەستیپێکردو دوای ئیحرام بەستن بەرەو مەشعەری مینا بەڕێکەوتن، بۆ ئەوەی ئه‌مڕۆ شەممە لەسەر کێوی عەرەفە بوەستن و تا خۆرئاوابوون لەوێ بمێننەوە.

دوای گەڕانەوەیان لە کێوی عەرەفە، حاجییان لە موزدەلیفە دەمێننەوە، کە دەکەوێتە نێوان مینا و کێوی عەرەفە، بەگوێرەی ڕێکارەکانی ئەنجامدانی فەریزەی حەج، مانەوە لە موزدەلیفە واجبە و پێویستە حاجییان نوێژەکانی مەغریب و عیشا کورت بکەنەوە و لەوێ پێکەوە ئەنجامی بدەن، هەروەها سوننەتە حاجییان تاوەکو بەیانی جەژنی قوربان لە موزدەلیفە بمێنێتەوە و ئەگەر هەر حاجییەکیش لە موزدەلیفە نەمایەوە ئەوا کەفارەتی دەکەوێتە سەر.

دوای ئەوە حاجییان دەچنە جەمەڕات و ئەرکی ڕەجمکردنی جەمەرەی عەقەبە جێبەجێ دەکەن، کە ئەرکی ڕەجمکردن بۆ حاجییان بەپێی ڕێکارەکانی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، سێ جارە کە هەر جارێک حاجییان حەوت بەردی بچووک دەگرنە ئەو شوێنەی بۆ ئەو مەبەستە دیاریکراوە بەناوی جەمەرەی عەقەبە.

هاوکات لەگەڵ تەواوکردنی ئەرکی رەجمکردنی یەکەم، حاجییان دەست بە ئەرکی تەوافکردن بە دەوری کەعبەی پیرۆز دەکەن لە مەککە و بە بڕینی بەشێکی مووی پرچیان، ئیحرام دەشکێنن و دەتوانن جلوبەرگی ئاسایی لەبەربکەن و قەدەغەکراوە شەرعییەکانی کاتی بەستنی ئیحرام، بەشێوەیەکی ئاسایی ئەنجامبدەن.

بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمه‌وه‌ گەشتی وڵاتی سعوودیەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، گەشتی وڵاتی سعوودیەیان ئەنجامداوە.