وەزارەتى خوێندنى باڵا بڕیارێک لە بەرژەوەندى خوێندکارانى پۆلى 12 دەردەکات

کوردستان

09/07/2024‌ 471 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

لە کۆبونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیدا بڕیاردرا، بۆ ئەمساڵ زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی لە خوێندنى حکوومى برەخسێنن.

ئەمڕۆ، بە سەرپەرشتى ئارام محەممەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و سەرۆک زانکۆکان، کۆبوونەوەى ئاسایی ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە زانکۆى سۆران بەڕێوەچوو.

ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا لە زانکۆى سۆران چەند بڕیارێکى دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکانیش هاوشێوەى ساڵانى ڕابردوو زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی لە خوێندنى حکوومى برەخسێنن.

هەروەها، بەهەمان ڕێژەى ساڵانى ڕابردوو داشکاندن لە کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران ئەنجام بدەن، ئەویش لە پێناو پشتیوانیکردنى قوتابیان و خانەوادەکانیان بۆ ئەوەى پرسى دارایی نەبێتە ڕێگر لە بەردەم خەونەکانیان.

هاوکات بە ڕاسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا، ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیاریدا سەرجەم زانکۆکان هیچ بڕە پارەیەک لە برى پێدانى بەشى ناوخۆیی بە خوێندکارانى خوێندنى باڵا وەرنەگرن.