ئه‌مڕۆ وه‌فده‌كه‌ى عێراق له‌هه‌ولێر وردبینى له‌لیستى موچه‌ى پێشمه‌رگه‌ ده‌كات

کوردستان

10/07/2024‌ 7469 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌فده‌كه‌ى دیوانی چاودێریی دارایی‌و وه‌زاره‌تى دارایی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە دەستدەکات بەوردبینی لیستی موچەی هێزەکانی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکانی دیکەی حکومەتی هەرێم، بەرپرسی نوسینگەی ڕۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە زانیاریى ئاشكراده‌كات.


میران به‌كر بەرپرسی نوسینگەی ڕۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە له‌فه‌یسبوكى خۆى ئاشكرایكردوه‌، ئه‌مڕۆ لیژنەی پشکنەری چاودێری دارایی حکومەتی عێراق، لەوەزارەتی پێشمەرگە دەستبەکارەکانی دەکات، لەهەمبەر موچەی هێزەکانی پێشمەرگە.

هەر لەبارەی موچەی هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ئەحمەد مەزهەر جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكردوه‌، موچەی هەموو موچەخۆرانی هەرێم بەبێ هیچ کێشەیەک‌و لێبڕینێک دەنێردرێت.

وتوشیه‌تى:"لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی عێراق قسەمکردوە، ئه‌و دڵنیای كردینه‌وه‌ کە هۆکاری دواکەوتنەکە تەنها کێشەیەکی هونەرییەو هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە".

ئێواره‌ى ڕابردوو وەزارەتی دارایی‌و ئابوری حکوومەتی هەرێم هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی گەیشتنی 421 ملیارو 760 ملیۆن دینار وەکو تەواوکاری موچەی مانگی 6ی فەرمانبەرانی مەدەنی، خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی حوزەیرانیشی بڵاوکردەوەو ئەمڕۆو سبەی پێنجشەممە، جگە لەموچەی وەزارەتی کارەباو سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان‌و وەزارەتی پێشمەرگە، لەم دوو ڕۆژەدا موچەی تەواوی موچەخۆرانی دامەزراوەکانی دیکەی حکومەت دابەشدەکرێن.

سەبارەت بەدواکەوتنی موچەی وەزارەتی کارەباو سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش، وەزارەتی دارایی هه‌رێم هه‌ر دوێنێ لەڕونکردنەوەیەکدا نوسیویه‌تى:"تەمویلیان لەبەغداوە نەهاتوە، بەڵام لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر پەیوەندیداین بۆ چارەکردنی ئەو گرفتەی دروستبوە".

له‌باره‌ى گرفتى دواكه‌وتنى موچه‌ى وه‌زاره‌تى كاره‌با سۆران عومه‌ر په‌رله‌مانتارى كورد له‌به‌غداو ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی په‌رله‌مانى عێراق ئاشكرایكردوه‌، "دوو هه‌زارو 460 ناو لەلیستی وەزارەتی کارەبا زیادەیە لەنێوان دائیرەی موازەنەو دائیرەی محاسەبە! بۆ موچە دەکاتە دوو ملیارو 866 ملیۆن دینار زیادەی جیاوازی موچە، هۆکارەکەشی پۆلیسی کارەبایە کە لەسەر وەزارەتی ناوخۆن‌و ناویشیان لەسەر وەزارەتی کارەبا هەیە، لەمانگی 10ی ساڵی 2023وه‌ داواکراوە ئەم کێشە چارەسەربکرێت!".