شارپرێس:
کۆمپانیای HMD کە خاوەنی مارکەی نۆکیایە، خەریکی پەرەپێدانی مۆبایلێکە بۆ منداڵان کە ئینتەرنێتی تێدایە، بەڵام دەستڕاگەیشتن بەبەرنامەکانی سۆشیال میدیای وەک تیکتۆکو ئینستاگرام دابین ناکات.
ئامانجی ئەم مۆبایلە دابینکردنی ئامێرێکی سەلامەتە بۆ منداڵان کە لەڕێگەیەوە بتوانن شوێنی خۆیان دیاریبکەنو پەیوەندیی بکەنو نامە بنێرنو ڕەنگە تەنانەت لەڕێگەی ڤیدیۆوە پەیوەندیی لەنێوان دایکو باوکو منداڵەکاندا بکەن.
لارس سیلبێرباوەر بەرپرسی سەرەکیی بەبازاڕکردن لەکۆمپانیای HMD دوپاتیکردەوە کە ئامێرەکە بەئەپڵیکەیشنەکانی وەک فەیسبوک یان تیکتۆک تەیار ناکرێ، بەئاماژەدان بەنیگەرانییەکانی سەبارەت بەکاریگەریی مۆبایلە زیرەکەکان لەسەر منداڵان.
ئاماژەی بەتوێژینەوەیەکی کۆمپانیای ئۆفکۆم کردوە کە دەڵێت، ڕێژەیەکی زۆر لەمنداڵان لەتەمەنێکی بچوکدا خاوەنی مۆبایلی زیرەکن، هەروەها لەگەڵ زیادبونی تەمەندا ئەم ڕێژەیە زیاد دەکات.
لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتیی دەریخستوە، زۆرێک لەدایکانو باوکان پەشیمانن لەپێدانی مۆبایلی زیرەک بەمنداڵەکانیان، چونکە هەستدەکەن کاریگەریی نەرێنیی لەسەر خەوی منداڵو چالاکیی جەستەییو پەیوەندیی کۆمەڵایەتییان هەیە.
و: ئاکۆ ئاڵی
