له‌ژێر پاسه‌وانى توندى هێزه‌كانى هه‌سه‌ده‌و ئه‌مریكا ژماره‌یه‌ك له‌هاوسه‌رو منداڵى داعش گه‌ڕێندرانه‌وه‌ عێراق

کوردستان

01/06/2025‌ 8599 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زیاتر لە 200 خێزانی عێراقی کەمپی هۆلیان لەپارێزگای حەسەکەى ڕۆژئاواى كوردستان به‌جێهێشت‌و گەڕانەوە عێراق، ئەمەش لەژێر ڕێکاری ئەمنیی توندی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی‌و هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)دا به‌ڕێوه‌چوو.


شوکری حەجی بەرپرسی نوسینگەی دەرچون لەکەمپی هۆل ئاشكرایكردوه‌، "لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە 26مین کاروانی گەڕاندنەوەی عێراقییەکانە بۆ وڵاتەکەیان، کاروانەکەی ئەمجارە لە 223 خێزان پێکهاتوە کە 832 کەسن".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، گەڕانەوەی ئەو خێزانە عێراقیانەی کە ئارەزوی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان هەیە، بەهەماهەنگی نێوان ئیدارەی خۆسەرو حکومەتی عێراق بەردەوامە.

وتیشی:"ئەو خێزانە عێراقییانە بەزیاتر لە 20 پاسی عێراقی لەکەمپی هۆل گوازراونەتەوە عێراق، هەروەها هێزەکانی ئەمریکا یاوەریی‌و پاسەوانی خێزانە گەڕاوەکان بون بۆ ئەوەی دڵنیابن لەگەیشتنی ئەو پاسانە بەسەلامەتی".

لەناوەڕاستی مانگی نیسانى ئه‌مساڵدا، 241 خێزان کە لە 865 کەس پێکهاتبون، کەمپی هۆلیان بەرەو عێراق جێهێشت.

پێشتریش وەزارەتی کۆچ‌و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرایکردبوو، ژمارەی ئەوکەسانەی لەکەمپی هۆل له‌ڕۆژئاواى كوردستانه‌وه‌ گوازراونەتەوە عێراق زیاتر لە15 هەزار کەسن کە زۆربەیان ئافرەت‌و منداڵن، هەروەها زیاتر لە12 هەزارو 600 عێراقی دیکە تائێستا لەکەمپەکەدا ماونەتەوەو چاوەڕوانی گواستنەوەن.