شارپرێس:
وەزارەتی بەرگریی عێراق دیارترین گرێبەستەکانی لەبوارەکانی پڕچەککردن، بەرگریی ئاسمانیو ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ڕاگەیاند، دهشڵێت:"لەماوەیەکی نزیکدا ژمارەیەک فڕۆکەی کاڕاکالی فەڕەنسییو ڕاداری پێشکەوتوی فەڕەنسیی بەدەستدەگات".
ژەنەراڵ تەحسین خەفاجی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لەوەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، عێراق لەناوەڕاستی مانگی داهاتودا شەش فڕۆکەی هێلیکۆپتەری کاراکال لەفەڕەنسا وەردەگرێت لەچوارچێوەی پلانێک بۆ پاڵپشتیکردنی هێزی ئاسمانیی.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەماوەی ساڵی داهاتودا 14 فڕۆکەی دیکە دەگەنە دەست سوپای عێراق.
سەبارەت بەپەرەپێدانی توانا دەریاییەکان، خەفاجی ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ سێ بەلەمی جەنگیی پێشکەوتویان لەتورکیاوه پێگەیشتوە، کە ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی تواناکانی هێزی دەریایی عێراق.
سەبارەت بەئاسایشی ئەلیکترۆنی ڕونیکردەوە، عێراق بەهاوکاریی لەگەڵ ئیسپانیا کاردەکات بۆ پەرەپێدانی سیستەمی "دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان"، کە تایبەتە بەدۆزینەوەی ئەلیکترۆنییو خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، وەک بەشێک لەتەکنەلۆژیای بەرگریی مۆدێرن.
لەبواری بەرگریی ئاسمانیدا ئاماژەی بەوەدا، عێراق چوار ڕاداری تالیزی فەرەنسی بەدەستهێناوە کە ناوچەیەکی فراوانی ئاسمانی عێراق ڕوماڵ دەکەن، ئەمە جگە لەسێ ڕاداری مەودا نزم کە بەشێکە لەوەجبەیەکی گەورەتر کە خەریکی ڕادەستکردنن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی توانای چاودێریی نیشتمانییو بەرگریی ئاسمانیی.
