شارپرێس:
ئاژانسێکی ئەمریکی لەسەر بنەمای هێرشەکەی مانگی نیسانی ڕابردوو بۆسەر ئیسرائیل هەڵسەنگاندن بۆ وردی پێکانی موشەکەکانی ئێران دەکات.
بەگوێرهى ڕاپۆرتێکى ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس"ی ئەمریکی، وردیی پێکانی ئەو موشەکانەی کە ئێران لەهێرشەکەی مانگی نیسانی ڕابردوو بۆسەر ئیسرائیل بەکاریان هێناوە، زۆر کەمتر بوە لەوەی پێشتر پێشبینیدەکرا.
ئاژانسەکە دەڵێت:"بهگوێرهى ئەو شیکارییەی کە لەلایەن پسپۆڕانی سەنتەری جەیمس مارتن بۆ توێژینەوەکانی ڕێگریی لەبڵاوبونەوەی چەکی چەک ئەنجامدراوە، "هەڵەیەکی بازنەیی گریمانکراو" لەهێرشی موشەکەکانی ئێراندا هەبوە کە تێکڕای نزیکەی 1.2 کیلۆمەتر بوە، کە زۆر زیاترە لەخەمڵاندنەکانی پێشوو کە هەڵەی بازنەیی گریمانکراوی بۆ موشەکی عیماد بەتەنها 500 مەتر داناوە، بەڵام ئەنجامەکان دەریانخستوە کە موشەکەکان کەمتر وردپێک بون لەوەی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بازنەی هەڵەی تەنها بە 50 مەتر دانابوو.
ئەو هێرشەی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانی "نەڤاتیم" لەبیابانی نەقەب ئەنجامیدا، کە شارەزایان پێیانوایە عەمباری فڕۆکەی ئێف 35ی ئیسرائیلی کردووهتە ئامانج، بەکەڵکوەرگرتن لەموشەکی "عیماد" ئەنجامدراوە کە کۆپییەکی موشەکی شەهاب-3 یە، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی کەمی وردپێکی موشەکەکان، شیکارییەکان ئەوە دەردەخەن کە گومانی بەرچاو لەکاریگەریی بەرنامەی موشەکی ئێران هەیە کە تاران لەمێژە شانازی پێوە دەکات.
لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا ئێران ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانو موشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، بەگوێرهى وتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، بەڵام هێرشەکە تەنها زیانی بەیەک دامەزراوەی سەربازیی لەباشوری ئەو وڵاتە گەیاندوە، ئەمەش گومانی لەسەر وردپێکیو کاریگەریی ئەو موشەکانە دروستکردوە.