ئەندامێكی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، لایەنە كوردییەكان بەشێك لە لایەنگرانیان لە كەمپی زڕگوێزەوە بۆ ناوچەی سورداش گواستووەتەوە، بەڵام ژیان لە سورداش بۆ ئەوان قورسە و هیچ خزمەتگوزارییەكی تێدا نییە.
نەوید میهراوەر، ئەندامی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،"هەر سێ لایەنە كوردییەكەی كامپی زرگوێز ڕەزامەندییان دەربڕیوە بۆ جێهێشتنی زرگوێز و ڕۆیشتن بەرەو سورداش، بەڵام دۆخەكە لە سورداش بۆ ئێمە قورسە."
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و كۆمەڵە رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران، ئەو سێ لایەنە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەی ئێرانن كە فشار خراوەتە سەریان بۆ جێهێشتنی ناوچەی زرگوێزو ڕۆیشتن بەرەو ناوچەی سورداش.
نەوید میهراوەر، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەت كێشانی كوردستانی ئێران دەڵێت،"هەر سێ لایەنەكە بەشێك لە لایەنگرانمان بۆ ناوچەی سورداش گواستەوە، ڕەزامەندیشمان دەربڕیوە لە داهاتوودا زرگوێز چۆڵ بكەین."