زانیاریی نوێ سەبارەت بەنەخۆشیی شەکرە ئاشکرادەکرێت

تەندروستی

22/09/2024‌ 6737 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ئەوروپی کە لەگۆڤاری پزیشکی لانسێت بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردوە، چوارجۆر خۆراک هەن کە بەشێوەیەکی بەرچاو ئەگەری توشبون بەنەخۆشیی شەکرە لەجۆری دوەم زیاد دەکەن، ئەم خۆراکانە بریتین لە:


1. ژەمی سوک‌و بەتام.
2. بەرهەمە ئاژەڵییەکان وەک گۆشتی پرۆسێس کراو.
3. خواردنه‌ ئامادەکراوەکان.
4. خواردنەوە شیرینکراوەکان بەشەکر یان جێگرەوەی دەستکرد.

توێژەری سەرەکیی ڕەچەڵ باتەرهام لەزانکۆی کۆلێژی لەندەن جەختیکردوه‌تەوە کە هەموو ئەو خۆراکانەی ڕێژەی شەکریان زۆرە لەڕوی مەترسییە تەندروستییەکانی پەیوەست بەو خۆراکانەوە، یەکسان نین.

لەتوێژینەوەکەدا، داتاکانی 312 هەزار کەس لەهەشت وڵاتی ئەوروپی لەماوەی 11 ساڵدا شیکراونەتەوە.

توێژەران بۆیان دەرکەوتوە کە زیادبوونی 10%ی خواردنی ئەو خۆراکانەی شەکریان زۆرە، پەیوەندیی بەزیادبونی 17%ی مەترسیی توشبون بەنەخۆشیی شەکرە هەیە.

لەلایەکی دیکەوە توێژینەوەکە دەریخستوە کە هەندێک خۆراکی وەک (نان، بسکیت، سریلاک‌و جێگرەوە ڕوەکییەکان) پەیوەندییان بەکەمبونەوەی مەترسیی توشبون بە نەخۆشیی شەکرە هەیە.

باتەرهام ئاماژەی بەوەشکردوە، پێویستە ئەو خواردنانە بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت لەخواردنە خێراکان وەکو بەرگرو پیتزاو خواردنەوە شیرینکراوەکان.

توێژینەوەکە گەیشتوه‌تە ئەو ئەنجامەی کە کەمکردنەوەی خواردنی خۆراکە پرۆسێسکراوەکان‌و گۆڕینی بەخۆراکە پرۆسێس نەکراوەکان، ڕەنگە بەشداربێت لەکەمکردنەوەی مەترسیی توشبون بەنەخۆشیی شەکرەی جۆری دوەم.

و: ئاکۆ ئاڵی