شارپرێس:
گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر تەشەنەیسەندوەو حزبوڵڵای لوبنان-یش ڕایگەیاند، بەزنجیرەیەک موشەک باکوری ئیسرائیلیان بۆردومانکردوە، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، لەهێرشەکانی شەوی ڕابرودیاندا توانیویانە ژمارەیەک بەرپرسی حزبوڵڵا بکوژن، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپاش پهیامێكى بڵاوكردهوهو دهڵێت:"هیچ هێزێک بەئەمریکاشەوە، ناتوانێت ئیسرائیل ڕابگرێت".
بهگوێرهى ههواڵێكى ئاژانسی فرانس پرێس، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە حزبوڵڵای لوبنانی بەژمارەیەک موشەکی (فادی یەک) بۆردومانی ناوچەی (کاپری) لەباکوری ئیسرائیل کردوە.
هاوکات، کەناڵی ئەلمەنار-ی نزیک لەحزبوڵڵای لوبنانی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل هێرشیکردوەتەسەر ناوچەکانی (ئەلکفعەت، ئەلحەداس، ئەللیکی، ئەلشوێفاتو بورج ئەلبەراجنە).
لەلایەکی دیکەشهوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هەڵمەتێکیان بۆ ناوچە جیاوازەکانی باشوری بەیروت دەستپێکردوەو باڵەخانەیەکیان بۆردومانکردوە کە چەکدارانی حزبوڵڵا موشەکی دژە کەشتییان تێدا حەشاردابوو.
داواشی لەدانیشتوانی گەڕەکەکانی (ئەللیکیو ئەلحەداس) کردوە کە چۆڵی بکەن، چونکە ئەوان لەنزیک بەرژوەندییەکانی حزبوڵڵان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، "سوپای ئیسرائیل توانیویەتی هەریەک لە(محەمەد عەلی ئیسماعیل، سەرۆکی یەکەی موشەکی حزبوڵڵاو حسێن ئەحمەد ئیسماعیل جێگری، هاوکای ئیبراهیم محەمەد قەبیسی کە یەکێکە لەبەرپرسە باڵاکانی سیستەمی موشەکی لەحزبوڵڵا لەهێرشی ئاسمانیدا بکوژێت".
هەر لەچوارچێوەی گرژییەکانی نێوان حزبوڵڵای لوبنانو سوپای ئیسرائیل، وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاندوه، نەخۆشخانەکانی باشوری بەیروت لەدوای هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل چۆڵکراونو ناتوانن هیچ حاڵەتێکی فریاگوزاریی خێرا وەربگرن.
لاى خۆیشیهوه جۆزێف بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا پهیامێكى بڵاوكردوهتهوهو ڕایگەیاندوه، هیچ هێزێک بەئەمریکاشەوە ناتوانێت ئیسرائیل ڕابگرێت.
دهشڵێت:"چونکە ڕونو ئاشکرایە کە ئیسرائیلییەکان ناوەستن تا حزبوڵڵا لەناودەچێت، چۆن نزیکەی ساڵێکە لەدژی بزوتنەوەی حەمماس وەستاونەتەوە، بەو شێوەیەش دژی حزبوڵڵای لوبنان شەڕدەکەن".
هەر لەچوارچێوەی کاردانەوەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕی نێوان حزبوڵڵاو سوپای ئیسرائیل، ئەنتۆنی بلینکین وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای ئاگربەستی لەلوبنان کرد، بەڵێنیشیدا وڵاتەکەی بەچڕی کاربکات بۆ گەیشتنی هەموولایەنەکان بەئاگربەست.