نه‌سروڵڵا چۆن كوژراو كێ زانیاریى به‌ئیسرائیل دا؟

جیهان

29/09/2024‌ 6091 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەیەکی فەرەنسی زانیاریى ورد له‌باره‌ى كوژرانى حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا ئه‌میندارى حزبوڵڵاى لوبنانه‌وه‌ ئاشكراده‌كات، ڕۆژنامه‌كه‌ له‌زارى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منیى لوبنانیه‌وه‌ نوسیویه‌تى:"سیخوڕێکی ئێرانی زانیاریی وردی لەسەر شوێنی حەسەن نەسروڵڵا داوەتە ئیسرائیل"، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "ئەو زانیارییە وردانەش بونە هۆی کوژرانی نەسروڵڵاو سەرکردەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران‌و چەند سەرکردەیەکی دیکەی حزبوڵڵا".


ڕۆژنامەی "لو پاریزیان"ی فەرەنسی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، "سیخوڕە ئێرانییەکە ناسنامەی ئاشکرانەکراوە، بەڵام زانیاریی وردی لەسەر جوڵەی حەسەن نەسروڵڵا هەبوەو کەمێک بەرلەوەی بگاتە باشوری بەیروت، ئیسرائیلی ئاگادارکردوەتەوە کە لەگەڵ عەباس نیلفرۆشان فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران لەنێو یەک ئۆتۆمبێلدان، بەڵام ئیسرائیل چاوەڕوانی کردوە تائەوکاتەی کۆبونەوەی نەسروڵڵا لەگەڵ سەرکردەکانی حزبوڵڵا دەستیپێکردوە؛ ئینجا هێرشه‌كه‌ى ئه‌نجامداوه‌.

هه‌ر له‌و زانیاریانه‌ى ئاشكراكراون، شوێنی کۆبونەوەکە کە دەکەوێتە باشوری بەیروت‌و لەهێرشەکەدا جگە لەحەسەن نەسروڵڵاو عەباس نیلفرۆشان، 12 بەرپرسی دیکەی باڵای حزبوڵڵاش کوژراون.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنوت-ی ئیسرائیلی بڵاویکردوەتەوە، خەڵکانی دەوروبەری شوێنەکە باشترین سەرچاوەی زانیاریی بون بۆ ئیسرائیل بەرلەوەی هێرشی کوشتنی نەسروڵڵا جێبەجێبکرێت.

هاوكات ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی نوسیویه‌تى:"بڕیاری هێرشکردنەکە هەر لەڕۆژی هەینی دراوە، چونکە سەرکردەکانی ئیسرائیل پێیانوابوە دەرفەتێکی کورتیان لەبەردەستەو بەرلەوەی حەسەن نەسروڵڵا شوێنەکەی بگۆڕێت‌و بچێتە شوێنێکی دیکە، دەبێت هێرشەکە جێبەجێبکەن".

بەرەبەیانی دوێنێ شەممە 28ی ئەیلولی 2024، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لەهێرشێکدا، ئێوارەی هەینی بۆ سەر باشوری لوبنان توانیویانە حەسەن نەسروڵڵا بکوژن، دوای چەند کاتژمێرێک حزبوڵڵای لوبنانی لەڕاگەیەندراوێکدا بەفەرمی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبەکەی لەهێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشوری لوبنان بڵاوکردەوە.