هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد

جیهان

01/10/2024‌ 998 جار خوێندراوه‌ته‌وه


هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد و زیاتر لە 100 مووشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل کران.

ئێران دەيان مووشەكی ئاراستەی شارەكانی ئیسرائیل كرد و لەلایەن سیستمی دژەئاسمانی ئیسرائیلەوە بەشێكیان دەخرێنەخوارەوە و زانیاری هەیە بەشێكیشیان ئامانجیان پێكاوە.

میدیای ئێران بڵاویكردەوە بەشێكی مووشەكەكان لەنێو ئیسرائیل ئامانجیان پێكاوە.

لای خۆیەوە بەرپرسێكی ئیسرائیل دەڵێت وەڵامیان بەهێز دەبێت و ئێران باجی قورس دەدات.
 
سوپای پاسداران رایگەیاند هێرشی مووشەكیمان كردەسەر ئیسرائیل و وەڵامی كوشتنی هەنیە و نەسروڵا و نیلفرۆشانمان دایەوە.

رادیۆی سوپای ئیسرائیل دەڵێت 250 مووشەك ئاڕاستەی ئیسرائیل كراون.

لە ئوردن و عيراق هەموو گەشتێكی ئاسمانی مەدەنی راگیران.

هەروەها گەشتەكانی فڕۆكەخانەكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە راگیران.

دانیال هاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بەرفراوان بووە و لە كات و شوێنی گونجاو وەڵامیان دەبێت.

جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ هاوكارەكانی تاوتوێی رەوشەكە دەكەن و فەرمانی بە هێزەكانی وڵاتەكەی كردووە هاوكاری ئیسرائیل بكەن لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەكەی ئێران.