شارپرێس:
دواى وهرگرتنى مۆڵهتى فهرمیى، بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان بەسهرۆكایهتى عهبدوڵڵا حاجی مەحمود لەداهاتویەکی نزیکدا کۆنفرانسو کۆنگرەی خۆی دەبەستێت.
ڕاگهیهنراوێكى بزوتنەوەی سۆسیالیست ئاماژهى بهوهداوه، "دوای وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئێستا گەڕاوەتەوە سەر ڕێچکە مێژویەکەی خۆییو ئێستا لەدەستێکی ئەمیندایەو لەماوەکانی داهاتودا کۆنفراسی ناوخۆییو کۆنگرەی خۆی دەبەستێت".
ئهوهش ڕونكراوهتهوه، "لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە هیچ دەستەو گروپو لایەنێک بۆی نییە لەمە بەدواوە ناوی سۆسیالیست بەکاربهێنێت، چونکە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، ئەو ناوە بەڕەسمی دراوە بەبزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە".
لهپهیامێكیشدا دهڵێت:"داواکارین لەپێشمەرگەو تێکۆشەرە دێرینەکانو کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانو هەڤاڵانو دۆستان کە بەهەر هۆکارێک لەڕابردودا دابڕاون لەسۆسیالست ئێستا بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان بەهەمان گڕوتینی ساڵی 1976 بەبەرنامەو کارنامەی دروستەوە دەست بەخەباتو تێکۆشانی خۆی دەکات لەپێناو ئامانجو مافە ڕەواکانی میللەتەکەمان، دەرگا واڵایە بۆ گشت خەمخۆرانو دڵسۆزانی بزوتنەوەی سۆسیالیست".
مێژوی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ 8ى 8ى 1976 لەسەردەستی شەهیدی سەرکردە سەیدا ساڵح یوسفیو کۆمەڵێک تێکۆشەر دامەزرا.
ڕۆژی 14ی 1ى 2024، کێشەو ناکۆکی لەنێوان محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتو عەبدوڵڵای حاجی مەحمودی برای کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیشە دروستبوو، کێشەکە گەیشته ئاستی دابەشبونی ھێزی سەربازیی پارتی سۆسیال دیموکرات، هاوكات ئێرانو پارتیو یەکێتیش لەسەر ئاستی باڵا ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکهیاندا، بهڵام سهرهنجام محهمهدى حاجى مهحمود براكهى واته عهبدوڵڵا حاجى مهحمود لهحزبهكه دهركرد.
