له‌قه‌ندیله‌وه‌ زانیاریى نه‌زانراوو مه‌ترسیدار ئاشكرابوو..له‌نێوان پارتى‌و توركیادا چى ڕوو ده‌دات؟

کوردستان

27/01/2025‌ 42758 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی كۆماجڤاكێن كوردستان (كەجەكە) زانیاریى نوێ‌و گرنگ ئاشكراده‌كات سه‌باره‌ت به‌سه‌ردانى به‌رپرسانى باڵاى پارتى بۆ توركیاو هاوكات سه‌ردانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌و به‌رپرستى میتى توركیا بۆ شارى به‌غدا، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌و هێزه‌ى ناوى پاسه‌وانى سنورى عێراق، ئه‌وانه‌ هیچ پەیوەندییەکیان بەپاسەوانیکردن لەسنورەوە نییە، کێلی سنوری نێوان تورکیا عێراقیان تەنانەت بەدوربینیش نەبینیوە"، ده‌شڵێت:"زیاتر لەباخەوان دەچن تا پاسەوان، باشتروایە ناوەکەیان بگۆڕن بۆ باخەوانی سنورو موچەکەشیان لەسەر وەزارەتی کشتوکاڵ بێت، نەک وەزارەتی بەرگریی".


زاگرۆس هیوا وتەبێژی كۆماجڤاكێن كوردستان (كەجەكە) له‌وتارێكدا سه‌باره‌ت به‌پێشهاته‌ ئه‌منیه‌كانى ئه‌مدواییه‌و كوژرانى دوو پاسه‌وانى سنورى عێراق له‌ئیداره‌ى زاخۆو سه‌ردانى به‌رپرسانى باڵاى پارتى بۆ توركیاو توركیا بۆ عێراق زانیاریى گرنگى ئاشكراكردوه‌و شرۆڤه‌ى بۆ كردوه‌.

بارزانى باوك دوو كوڕى خۆى نارده‌ ئه‌نكه‌ره‌
وه‌كو زاگرۆس نوسیویه‌تى:"ماوەیەک بوو هاتوچۆیه‌كى چڕوپڕ لەنێوان دەسەڵاتدارانی تورکیاو دەموچاوی جۆراجۆری پارتی بارزانی بەڕێوەدەچوو، خەمخۆرانی ئەم نیشتمانە هەموو دەستیان لەسەر دڵیان بوو کە ئاخۆ چ گەلەکۆمەیەک لەئارادایە، چونکە مەسعود بارزانی هەر دوو کوڕەکەی خۆی، مەسرورو مەنسوری، ناردە ئه‌نکه‌راو ئەمانە لەگەڵ بەرپرسە سەربازیی‌و سیخوڕییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا کۆبونەوە".

به‌رهه‌مى سه‌ردانه‌كه‌ چى بوو؟
ئه‌وه‌شى ئاشكراكردوه‌، "پاش ماوەیەک بەرهەمی ئەم سەردانانە بەدەرکەوتن، دوو سەربازی پاسەوانی سنوری عێراق کوژران، تۆمەتەكه‌ش خرایە پاڵ پەکەکە، گوایە هێزی پاسەوانی سنور خەریکی ئەرکی ئاسایی خۆیان بون‌و گەریلا هێرشیکردوه‌تەسەریان‌و دوانی لێیان کوشتون، هەمان ڕۆژ سەرچاوە خۆجێیەکان بڵاویانکردەوە، کە ئەو دوو سەربازە بەتۆپبارانی تورکیا کوژراون، لێرەدا  بەرلەوەی بپرسین چۆن کوژران، پێویستە ئەو پرسیارە بکەین کە بۆ کوژران، با لەوه‌ڵامەکەی بگەڕێین".

"قه‌ڵاى دمدى سه‌رده‌م‌و گه‌ریلاى له‌پزێڕین"
به‌بڕواى به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ى كه‌جه‌كه‌، "دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەم 10 ساڵە، هەموو دەرفەت‌و توانای سەربازیی، ئابوریی، سیاسیی‌و دیپلۆماسی خۆى خستەگەڕ بۆ ئەوەی بتوانێت لەچوارچێوەی "پلانی چۆکپێدانان"دا بەهێرشێکی هەمەلایەن کۆتایی بەبزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان بهێنێت، بەتایبەت لە2019وە لەخواکورکەوە بگرە تا حەفتانین بەهاوکاری پارتى دەستی بەشاڵاوێکی مەزنی داگیرکاری کرد، بەڵام گەریلا بەگۆڕینی تاکتیک‌و ستراتیژی شەڕو بەگیانبازییەکی بێوێنە، شکستی بەم پلانەی سوپای تورکیا هێنا، ئەوەتا لەزاپدا گەریلا چەندین قەڵای دمدمی سەردەمی دروستکردوە کە سوپای دوەمی ناتۆ ئەمە چوار ساڵە نەیتوانیوە زەفەریان پێبەرێت".

ده‌شڵێت:"دەستی خیانەت‌و بەکرێگیراوی ناوخۆیی ئەمە چوارساڵە قەڵای دمدمیان گەمارۆداوە بۆ ئەوەی کە گەریلای لەپزێڕین‌و دڵ پۆڵایین ناچاری خۆبەدەستەوەدان بکەن، بەڵام خۆڕاگرییەکە هەر بەردەوامە، هەربۆیە ئێستا تورکیا تاکتیکی شەڕی بەوەکالەت بەکاردەهێنێت، لە2024وه‌ بگرە تائێستا ئەردۆغان‌و هاکان فیدان هەوڵدەدەن بەهەر شێوه‌یەک بێت، عێراق پەلکێشی ناو ئەم شەڕە بکەن".

نوسینه‌كه‌ى زاگرۆس له‌كاتێكدایه‌، لە22ى نیسانی 2024 ئەردۆغان سەردانی بەغدای کردو لەئەنجامی ئەم سەردانەدا پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو ڕاگەیەنرا.

پاسه‌وانى سنور گه‌مارۆى گه‌ریلاكانى په‌كه‌كه‌ ده‌ده‌ن
له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ زاگرۆس هیوا ئه‌وه‌شى باسكردوه‌، "له‌وكاته‌دا كه‌ عێراق ئه‌و بڕیاره‌یدا، هێزەکانی سەر بەپارتى ئەمجارە بەجلوبەرگ‌و ئاڵای سوپای عێراقەوە لەژێر ناوی هێزی پاسەوانی سنوری عێراق گەمارۆی قەڵای دمدم‌و گەریلای لەپزێڕینیاندا، بەڵام قەڵاکە هەر نەڕوخا، ناچار مەسعود بارزانی لە3ى تەمموزی 2024دا چوە بەغدا بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی عێراقی ڕازیبکات تانک‌و تۆپ‌و زرێپۆشی سوپای تورکیا لەئامێدی‌و شێلادزێ‌و دێرەلوکەوە گەمارۆی گەریلا بدەن".

زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكرایكردوه‌، "هەربۆیە ئەردۆغان مزگێنیدا کە لەهاویندا کلیل‌و قوفڵەکە قه‌پات دەکەن، بەڵام بۆ خۆیان کلیل‌و قوفڵکران، هاوین هات‌و تێپەڕی، مزگێنیەکەی ئەردۆغان کەوتە بەر شەپۆلی بای پاییزو بەفرو بۆرانی زستانیشی بەسەردا باری‌و ئەوەتا بەهارو خاکەلێوە دێت، بەڵام قەڵای دمدم هەر لەشوێنی خۆیەتی‌و گەریلا ڕۆژانە لەدژی سوپای تورکیا چالاکی دەکات، دەتوانین بڵێین کە هەموو پلانی ئەردۆغان‌و هاکان فیدان‌و مەسعود بارزانی بۆ ڕوخاندنی قەڵای دمدمی سەردەم لەساڵی 2024دا شکستیانهێنا، هەربۆیە دەستیان بەپلانێکی نوێ کرد".

ورده‌كارییه‌كى مه‌ترسیدار
ورده‌كاریى ئه‌و پلانە نوێیه‌ى ئاشكراكردوه‌و ده‌ڵێت:"هه‌وڵدرا بۆ ئەوەی ئەمجارە عێراق زیاتر‌و زیاتر پەلکێشی ناو شەڕی دژ بەگەریلا بکرێت، چونکە تورکیا بەتەنها خۆیی‌و پارتیه‌وه‌ ناتوانن شکست بەگەریلا بهێنن، پەلکێشکردنی عێراق بۆ ناو ئەم شەڕە یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستانیش بەشێوەیک مەجبور دەکات کە ئەویش دوژمنایەتی گەریلا بکات، بۆ ئەوەی کە عێراق پەلکێشی ناو شەڕەکە بکرێت، پێویستە سەرەتا بنەمای یاسایی‌و سیاسی‌و کۆمەڵایەتی دروستبکرێت، ئەمەش هەر لەخۆیەوە دروستناکرێت، چونکە پەکەکە تائێستا لەگەڵ دەوڵەتی عێراق شەڕی نەکردوە".

"باڵاترین ده‌سه‌ڵاتى عێراق سوپاسى په‌كه‌كه‌ ده‌كات"
به‌بیرى هێناوه‌ته‌وه‌، "تەنانەت باڵاترین دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق لەبەر دەوری پەکەکە لەپاراستنی پێکهاتەکانی عێراق لەبەرامبەر هێرشی تیرۆریستی داعش سوپاسی پەکەکەی کردو وتی کە پەکەکە شەرەفی هەموو مرۆڤایەتی پاراست، گەلانی عێراق، بەکوردیشەوە، پەکەکە نەک وەک مەترسی نازانن، بەڵکو وەک دۆستی ڕۆژی تەنگانەی خۆیانی دەزانن".

هه‌وڵده‌درێت پاسه‌وانى سنورو په‌كه‌كه‌ ڕوبه‌ڕوى یه‌كتر ببنه‌وه‌
پێشیوایه‌، "بۆ ئەوەی کە ئەمە بگۆڕدرێت، پێویستە لەشوێنێک شەڕێک لەنێوان پەکەکەو سوپای عێراقدا بنرێتەوەو وا نیشانبدرێت کە پەکەکە هێرشیکردوه‌تەسەر سوپای عێراق، لەبەرامبەر ئەمەدا دوو ئاستەنگ هەبوو، یەکەم سوپای عێراق لەهیچ شوێنێکدا لەبواری جوگرافیدا بەریەککەوتنی لەگەڵ پەکەکە نییە، دوەمیش لەناو سوپای عێراق خۆفرۆشی وا پەیدا نابێت کە ئاژاوەگێڕییەکی وەها بکات، هەربۆیە بەشێکی چەکدارەکانی پارتى کران بەپاسەوانی سنوری سەر بەسوپای عێراق‌و بۆ دەوروپشتی قەڵای دمدمی گەریلا جوڵەیان پێکرا".

كوژرانى دوو پاسه‌وانه‌كه‌ى سنورو سه‌ربه‌ست له‌زگین چ په‌یوه‌ندییه‌كیان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌؟
له‌وتاره‌كه‌یدا زاگرۆس هیوا ڕاى گشتیى ئاگادارده‌كاته‌وه‌ كه‌ "زیاتر لەساڵێکە هەموو هەوڵێک دەدەن تاوه‌كو گەریلا پاسەوانێکی سنور بکوژێت، گەریلا چونکە ئاگاداری ئەم پلانەیە، تائێستاش دانی بەخۆیدا گرتوەو خۆی لاداوە لەشەڕ، هەربۆیە مەنسور بارزانی‌و سەربەست لەزگین هاتنە مەیدان، هەمان ئه‌و سەربەست لەزگینه‌ى کە لە2017 بەپلانى میت هێرشی شنگالی کردبوو، ڕۆژنامەنوس نوژیان ئەرهانی شەهید کردبوو، سەربەست لەزگین ئەمجارەش بەبەرچاوی هەموو کەسێکەوە دوو پاسەوانی سنوری بەکوشتنداو بۆ خۆیشی چوە سەر گۆڕەکەیان‌و وتاریداو قەڵای دمدمی تاوانبارکرد، ئەمانە هەموو ئامادەکاری پێشوەختەبون بۆ سەردانی هاکان فیدان".

فیدان بۆ دوو پاسه‌وانه‌كه‌ى عێراق فرمێسكى ڕشت.. قه‌ندیل چى ده‌ڵێت؟
ئه‌وه‌شى وتوه‌، "دەڵێن تیمساح پاش ئەوەی کە نێچیرەکەی خۆی لەت لەت دەکات، دەکوژێت‌و ده‌یخوات، فرمێسکی بۆ دەڕژێت، ئەو فرمێسکەی کە هاکان فیدان لەبەغدا بۆ کوژرانی دوو پاسەوانی سنوری عێراق ڕشتى هەمان فرمێسکە، چونکە هاکان فیدان بۆ خۆی ئەندازیاری کوشتنی ئەو دوو پاسەوانەیە".

له‌باره‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى فیدان بۆ به‌غداو په‌یوه‌ست به‌كوژرانى دوو پاسه‌وانه‌كه‌وه‌، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هاکان فیدان کە هاتە بەغدا، دوو کوردی عێراقی لەبەر پێى ئەودا کرابون بەقوربانی، سەرەتا سەرەخۆشی لەدەوڵەتی عێراق کردو فرمێسکی تیمساحی بۆ ئەمانە ڕشت، پاشان وتی پەکەکە سەربازی عێراقى کوشتوە، سەربازی ئێمەش دەکوژێت، مەترسی هاوبەشەو پێویستە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناوزەد بکرێت، پێویستە بگوترێت هەمان ڕۆژ ئیبراهیم کاڵنی سەرۆکی میت لەشام بوو لەلای جۆلانی‌و هەمان پەیامیدا، ئەگەر پەکەکە وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی ناوزەد بکرێت، ئەوکاتە لەبواری سیاسی‌و یاساییدا هیچ ئاستەنگییەک نامێنێت بۆ ئەوەی سوپای عێراق شەڕی گەریلا بکات".

عێراق كێشه‌یه‌كى دیكه‌ بۆخۆى دروستده‌كات؟
ده‌پرسێت، "ئایا عەقڵی سیاسی‌و ستراتیژیی لەبەغدا ئەمە پەسەند دەکات‌و دەکەوێتە ناو ئەو داوەی کە مەسعود بارزانی‌و هاکان فیدان دایانناوە؟ ئایا ئەو عێراقەی کە کێشەی کوردی لەبواری یاسایی‌و دەستوریدا چارەسەرکردوە، جارێکی دیكه‌ کێشەیەک بەناوى کێشەی کورد بۆ خۆی دروستدەکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەتێپەڕبونی کات دیار دەبێت".

زاگرۆس هیوا: تائێستا پاسه‌وانى سنورى عێراق كێلى سنورى توركیاو عێراقى نه‌بینیوه‌
سه‌باره‌ت به‌پاسه‌وانى سنوریش زاگرۆس هیوا جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "دەمەوێت سەبارەت بەپاسەوانی سنوریش ئاماژە بەچەند خاڵێک بکەم، ئەمانە هیچ پەیوەندییەکیان بەپاسەوانیکردن لەسنورەوە نییە، کێلی سنوری نێوان تورکیا عێراقیان تەنانەت بەدوربینیش نەبینیوە، بەدەیان کیلۆمەتر لەکێلە سنورییەکان دورن، هەمویان لەدەوروپشتی ئامێدین‌و پاسەوانی لەسوپای داگیرکەری تورک دەکەن".

"باشتروایه‌ ناوه‌كه‌یان بگۆڕن بۆ باخه‌وانى سنور"
به‌ته‌نزه‌وه‌ نوسیویه‌تى، "زیاتر لەباخەوان دەچن تا پاسەوان، باشتروایە ناوەکەیان بگۆڕن بۆ باخەوانی سنورو موچەکەشیان لەسەر وەزارەتی کشتوکاڵ بێت، نەک وەزارەتی بەرگریی، ئەگەر باخەوانی بکەن زیاتر سود دەگەیەنن بەعێراق‌و بەکوردستانیش‌و بەبنەماڵەکەشیان، لانی کەم، هەرجارێک‌و هاکان فیدان‌و سەربەست لەزگین چەند کەسێکیان لێنادەن بەکوشت".

فرمێسكى هاكان چییه‌؟
له‌كۆتاییدا پێشنیازێك ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "باپێشنازێکی زمانەوانیش بکەین، فرمێسکی تیمساح دەستەواژەیەکە کە لەهەموو دونیادا بو دوڕوویی بەکاردێت، ئەوەندەی بزانم لەکوردستان تیمساح نییە، بەڵام هاکان‌و نۆکەرانی هاکان زۆرن، هەربۆیە با ئەم دەستەواژەیە بکوردێنین‌و لەمەودوا پێ بڵێین فرمێسکی هاکان".