عەلمانییەت ئەو چەترەیە کە لە ژێریا، تاکەکان بە کەرامەتەوە
دەتوانن بژین، تۆی خواناس لەپاڵ خوانەناسێک هەمان ماف و ئەرکتان دەبێ، تۆ رەت ناکرێیتەوە
لەبەر ئەوەی ریشت درێژە یا سمێڵ و ریشت تاشیوە، تۆ لەبەر رەنگی پێستت لە خانەیەکی نزمتر
یا بڵندتر دانانرێیت.
عەلمانییەت بەرهەمی ئەقڵێکە کە دوای چەندین سەدەی کوشتار
و راونان و ماڵ و شار کاولکبوون لەدایکبوو کە هاوڵاتی لەبەر مەزهەب برای خۆی دەکوشت،
لە پێناو ئیجتیهادێکی دیارییکراو ئەوی دیکەی بە نەفرەت دەکرد. نموونەی کوشتارگەی بێرتۆلۆمێ
لە شاری پاریس لە سەدەی شانزەم.
عەلمانییەت ئەو گرێبەستە رۆشنگەرییەیە کە کەس بۆی نییە لە
جیاتی خودا قسە بکات، حوکم بەسەر ئەوەی دیکە بدات، کەرامەتی ئەوەی دیکە ئەتک بکات چونکە
وەک ئەو بیرناکاتەوە.
عەلمانییەت کۆتایی بەو سنوورە گەمژییە دادەنێت کە لە نێوان
حوسێنییەکان و مزگەوتەکاندا لە شەڕی وشترەوە لە ئارادایە، مرۆڤ لەبەر هەڵگرتنی ناوی
شاربەدەر ناکرێت، لەبەر شوناسی مەزهەبی لە ماڵەکەی ناهێنرێتە دەرەوە و گولـلەباران
بکرێت. کۆتایی بە شەڕی ناوخۆ دەهێنێت کە ١٤٠٠ ساڵە تەمەنی.
عەلمانییەت، بە یەک چاو سەیری سەلەفی و مولحید دەکات، حوکمی
ئیلاهی دەهێڵێتەوە بۆ خودا. مزگەوت و حوسێنییەکان پارێزراو دەبن، کەس خۆی ناکات بە
سێبەری خودا.
عەلمانییەت دەتوانێت عیراق لەم قەشمەرییاتە رزگار بکات و
سنووری نێوان گەڕەکانی بەغدا بسڕێتەوە، برایەتی راستەقینە بۆ هەموو هاوڵاتیان بگەڕێنێتەوە،
برایەتییەک لە سەر بنەمای هاوڵاتییبوون...
عەلمانییەت ئیلحاد نییە، بەڵکو هەموان لە ژێر چەتری نیشتیمان
دەپارێزێت، نیشتیمانێک لەسەر بنەمای عەقیدەی ئاینی دانەمەزرێت بە تایبەت بۆ وڵاتێک
چەندین ئاین و مەزهەبی تیابێت.
تاکو نەگەین بەو قەناعەتەی کە عەلمانییەت چارەسەرە، جەهلی
موڕەکەب ناهێڵێت لە سەری کەپوومان دوورتر ببینین....
ئەوەی پیرۆزە مرۆڤەکانن، ئەوەی دەمێنێتەوە رێژەییە.
وێنەی یەکەم: کوشتارگەی بێرتۆلێمی/پاریس، ١٥٧٢
وێنەی دووەم: مۆزێکی بەختەوەر.
