ئیسرائیل لەبەردەم گرێکوێرەی حوسییەکان..لێدانی یەمەن یان ڕوبەڕوبونەوەی ئێران؟

جیهان

15 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2499 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست"ی ئیسرائیلی ئاشکرایکردوە، هێرشی ئەمدواییەی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بن گوریۆن گۆڕانکارییەکی ستراتیژییە لەشەڕی بەوەکالەت لەناوچەکەداو تیشکدەخاتەسەر کەموکوڕییە گەورەکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل، سەرەڕای پاڵپشتیی تەکنەلۆژیی ئەمریکا.


ڕۆژنامەکە ڕونیشیکردوه‌تەوە، سوپای ئیسرائیل نەیتوانیوە ڕێگریی لەهێرشەکە بکات کە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ئاڕاستکراوە، بەشێوەیەک موشەکەکە لەنزیک ڕێگایەکی گرنگ کەوتوه‌تەخوارەوە کە بەرەو فڕۆکەخانە دەڕوات‌و بۆ ماوەیەکی کاتی هاتوچۆی ئاسمانیی ڕاگرتوە، لەنێویاندا هەستان‌و نیشتنەوەی فڕۆکەکان.

لەلایەکی دیکەوە هێرشەکە نیگەرانییەکی بەرچاوی ئەمنیی‌و ئابوریی لێکەوتوه‌تەوە، چونکە چەندین گەشتی ئاسمانیی ناچاربون بگەڕێنەوە دواوە، دواتر هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بیریان لەهەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل کردەوە.

هەرچەندە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لەماوەی نیو کاتژمێردا کاروبارەکانی فڕۆکەخانەکە دەستپێدەکاتەوە، بەڵام کاردانەوەی دەرونیی‌و سیاسیی بەرفراوان بون، بەتایبەت باس لەوەکرا، چەندین گەشت هەڵوەشێنراونەتەوە یان لابراون.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەکۆبونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنیی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەرگریی وڵاتەکەی، بەمەترسیدارترین هێرش وەسفکرد کە تائێستا حوسییەکان دژی ئیسرائیل کردویانە.

ئەم هێرشە بەشێک لەپێنج هێرش کە لەکۆتایی هەفتەی ڕابردودا لەلایەن گروپی حوسییەکانی یەمەنی سەر بەئێران بۆسەر ئیسرائیل دەستیپێکردو ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی گریمانکراو لەچوارچێوەی پەرەسەندنی ململانێی ناوچەکەدا.

شارەزایان، وەک توێژەری ئیسرائیلی دانی سیترینۆڤیچ لەپەیمانگای لێکۆڵینەوە لەئاسایشی نیشتمانیی لەتەلئەبیب پێیانوایە، ئیسرائیل ڕوبەڕوی دوژمنێکی نوێ دەبێتەوە کە پێشتر ڕوبەڕوی نەبوەتەوە، ئەویش گروپێکی دور لەجوگرافی‌و پاڵنەری ئایدیۆلۆژییە کە ڕوبەڕوبونەوەی قورس دەکات‌و دیمەنی ئەمنیی زیاتر ئاڵۆز دەکات.

دوای هێرشەکە لێدوانی ئاگرین لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلەوە درا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کاتز جەختی لەوەکردەوە، "هەرکەسێک زیانمان پێبگەیەنێت حەوت هێندە زیانی پێدەگاتەوە"، ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆسەر حوسییەکان‌و ئەوانەی لەپشتیانەوەن.

لای خۆیەوە بێنی گانتز وەزیری پێشوی بەرگریی، جەختی لەسەر پێویستی لێپرسینەوە لەئێران کردەوەو ڕاستەوخۆی ئێرانی لەهێرشەکان بەبەرپرسیار هەژمار کرد، باسی لەوەشکرد، ئەوەی ڕودەدات هەڵدانی موشەکی ئێرانییە بەرەو ئیسرائیل‌و داوای وەڵامی توندی لەدژی تاران کرد.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، گروپی حوسییەکان لەسەرەتای سەرهەڵدانی جەنگ لەگەڵ حەماس لەئۆکتۆبەری 2023 زیاتر لە 70 موشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردوە، هەروەک ئیسرائیل بەسەرکەوتویی ڕێگریی لەزۆربەی موشەکەکانیان کردوە، جگە لەژمارەیەکی کەم، لەوانە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەهاوینی ڕابردوو لەتەلئەبیب کە لەئەنجامدا یەکێک گیانی لەدەستدا.

لەبەرامبەر ئەم هێرشانەدا ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانی دەستپێکردوەو ژێرخانی حوسییەکانی لەیەمەن کردوه‌تە ئامانج، بەڵام ئەم لێدانانە هێرشەکانیان ڕانەگرتوەو شرۆڤەکارانیش پێیانوایە، نەهێشتنی هەڕەشەی حوسییەکان لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ئاساییەکانەوە بەدی نایەت، بەتایبەتی بەلەبەرچاوگرتنی شەڕی بەردەوامی غەززە.

ڕۆژنامەکە لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا هۆشداریداوە، تواناکانی بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل سنوردار بوە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمریکا پێشتر بەشێکی زۆری تواناکانی خۆی لەلێدانی حوسییەکاندا تەواوکردوە.

ئەمەش تەحەدای بەردەم ئیسرائیل زیاد دەکات لەبەڕێوەبردنی ئەم مەترسییە نوێ‌و ئاڵۆزە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی‌و هاتوچۆی ئاسمانی‌و ئابوری بەگشتیی.